بروانامە بەسەر بەشداربووانی خولی راهێنانی ژمێریاری دابەشکرا
لە مەراسیمێکی تایبەتدا، کە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى (2025/5/8) لە هۆڵی ئەکادیمی بەڕێوەچوو، سەرۆکایەتی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرکەوتوویی کۆتایی بە خولی ژمێریاری هێنا و، بڕوانامەی بەسەر بەشداربووانی خولەکەدا دابەشکرا.
لەمیانەی بەڕێوەچوونی ئەم خولەدا، کە ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشەکانی کۆلێژی زانستە کارگێری و داراییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان تێدا کرد، بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی خولەکەدا راهێنەر دکتۆر عبد السلام عمر احمد لە دیوانی چاودێری دارایی بەشێوازێکی پراکتیکی فێرخوازانی ئاشنای کاروباری ژمێریاری کرد، بۆ ئەوەش بە وردی باسی لە چۆنیەتی تۆمارکرنی کاروباری هەموو مامەڵە داراییەکان لە پەڕوای ڕۆژانە کرد، هەر لە گواستنەوەی کاروبارە ژمێریارییەکان بۆ پەڕوای سەرپەرشتیار، دواتر پۆلێنکردنی هەژمارەکان، ئینجا گواستنەوەی بۆ تەرازووی پێداچونەوە، تا ئامادەکردنی راپۆرتی دارایی. مامۆستای ڕاهێنەری لە میانەی پێشکەشکردنی بابەتەکەدا بە گرنگیەوە تیشکی خستە سەر کاروباری کۆمپانیاکان، بەتایبەت ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەست کام بڕیار لە بواری کاروبارە ژمێریارییەکانیان دەدەن.
لە کۆتای خولەکەدا، کە بە ئامادەبوونی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر ڕێکخەری خولەکە بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار بڕوانامەی دەرچوونی بەسەر فێرخوازانی بەشداربووی خولەکەدا دابەش کرد، هاوکات رێز وپێزانینی پێشکەش بە هەریەک لە بەرێوەبەری خول و راهێنانەکان لە دیوانی چاودێری داراییی و، راهێنەری خولەکە کرد.