بۆ ئاسانکاری کاروباری فێرخوازان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای ئیگڵ پۆست واژۆ کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠٢٥)، لە ڕێوڕەسمێکدا، کە لە سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێ بەڕێوەچوو، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و کۆمپانیای “ئیگڵ پۆست” (Eagle Post) بۆ خزمەتگوزارییەکانی پۆستە و گەیاندن واژۆ کرا.
یاداشتەکە لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، دانا شەمس الدین، نوێنەرى کۆمپانیای ئیگڵ پۆستەوە واژۆ کرا؛ بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پۆستەی خێرا و دڵنیا بۆ فێرخوازان و هاووڵاتییان.
بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە، کۆمپانیای ئیگڵ پۆست، کە هاوبەشێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێتە گەیەنەری فەرمی و تایبەتی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ گواستنەوەی سەرجەم بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە فەرمییەکان. ئەم خزمەتگوزارییە فێرخوازان و هاووڵاتییان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەهۆیەوە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ ئەو فێرخوازانە دروست دەکات کە لە دەرەوەی شاری هەولێر یان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق نیشتەجێن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی زانکۆدایە بۆ بەدیجیتاڵکردن و خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکانى زانکۆ بەگشتى و فێرخوازان بەتایبەت.
میکانیزمی کارکردنەکە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای سەردەم بنیات نراوە، بەجۆرێک زانکۆی جیهان-هەولێر هەژمارێکی تایبەت لەسەر پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنی زیرەکی (iOS & Android) ئیگڵ پۆست وەردەگرێت. لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە، زانکۆ داواکارییەکان تۆمار دەکات، فۆرمی بارکۆدکراو بۆ پاکێجەکان چاپ دەکات و، دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ (online) چاودێریی قۆناغەکانی گەیاندنی نامە و بەڵگەنامەکان بکات. هەروەها وەرگر پێویستە ناسنامەی خۆی بسەلمێنێت و واژۆی دیجیتاڵی لەسەر وەرگرتن بکات، کە ئەمەش ئاستی دڵنیایی و پاراستنی زانیارییەکان بەرز دەکاتەوە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، واژۆکردنی ئەم یاداشتەى بە هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژ لە چوارچێوەی دیدگای زانکۆ بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان لە قەڵەمدا وتى: ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە نەک هەر ئاستی ئەکادیمی و زانستی بەرز بکەینەوە، بەڵکو کارئاسانی تەواویش بۆ فێرخوازە خۆشەویستەکانمان بکەین و ژینگەیەکی خوێندنی هاوچەرخ و پێشکەوتوویان بۆ دابین بکەین، وتیشى ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەدیجیتاڵکردنی بەشێکی گرنگی کارەکانمان، کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە گەیاندنی دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامە فەرمییەکان دەکات بە شێوەیەکی پارێزراو و خێرا، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوەزانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە دەرگاى کراوەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بۆ خزمەتکردن بە پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و بەتوانا .
ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە نەک هەر خزمەتگوزارییەکی پێشکەوتوو پێشکەش بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات، بەڵکو وەک هەنگاوێکی گرنگیش بۆ پەرەپێدانی کەرتی پۆستە لە هەرێمی کوردستاندا سەیر دەکرێت. کۆمپانیای ئیگڵ پۆست، وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم بوارە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی متمانەپێکراو و داهێنەرانە دووپات دەکاتەوە. نرخی خزمەتگوزارییەکانیش بە شێوەیەکی کێبڕکێکارانە و بە دراوی عێراقی (IQD) دیاری کراون و بوار بۆ زانکۆش ڕەخسێنراوە کە تێچووی خزمەتگوزاری بۆ زیاد بکات.