بۆ ئاشنابوون بەلایەنى تەلارسازى مێژویی، فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى بە سەردانێکی زانستی (کڵێسای مار یوسف)یان بەسەرکردەوە
لە درێژەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی و پراکتیکی فێرخوازانى، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (23/9/2025)، سەردانێکی زانستی بۆ کڵێسای ماریوسف لە ناوچەی عەنکاوەی شاری هەولێر بۆ لفێرخوازانى ڕێکخست ڕێکخرا.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستییەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر لانا شەهاب ئەحمەد بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بەگەرمى لەلایەن دکتۆر ڕەمزی ڕۆفایل و دکتۆر سالم کەسا پێشوازییان لێکرا. ئینجا بەشێوەیەکى ورد و تێروتەسەل باسیان لە توخمە تەلارسازییەکانی کڵێساکە، پاشخانە مێژووییەکەی و بەهای کەلتوورییەکەى بۆ فێرخوازان کرد، هاوکات تیشکیان خستە سەر پێکهاتە سەرەکییەکانی لایەنى تەلارسازى ئەو باڵەخانە ئایینییە دێرینە، کە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە بەجێماوەکانی عەنکاوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ساڵی (1300). هەروەها ئاماژەیان بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە کرد، کە لە ساڵی (2023) تەواو بوون و توانیویانە سیما ڕەسەنەکەی کڵێساکە بپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا وەک ناوەندێکی ڕۆحی و کەلتووری زیندوو بەردەوام بێت.
ئەم چالاکییە زانستییە بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە شێوازەکانی تەلارسازی سەدەکانی ناوەڕاست و شێوازەکانی بیناسازی کۆن تێبگەن، لەگەڵ ئەوەشدا بزانن چۆن بینا مێژووییەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمی نوێدا دەگونجێن، بۆ ئەوەش لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کڵیساکەدا پرسیار و گفتوگۆیان لەگەڵ دکتۆر ڕەمزی ڕۆفایل و دکتۆر سالم کەسا کرد، ئەوانیش وەڵامى پرسیار و سەرەنجەکانى فێرخوازانیان دایەوە.