بۆ تێگەیشتن لە بەخشین و وەرگرتنی خوێن؛ فێرخوازانی بەشی بایۆمێدیکاڵ گەشتێکی زانستیان بۆ بانکی خوێن ئەنجامدا
رۆژی دووشەمە ڕێکەوتى (١١/١١/٢٠٢٤) فێرخوازانی قۆناغی دووەمی لە بەشی بایۆمێدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر دکتۆر میرزا حەمودی سەردانی بانکی خوێن لە شارى هەولێریان کرد.
فێرخوازان، سەرەتا لەلایەن عەباس بەهرام یونس، بەڕپرسی یەکەی کواڵیتی کۆنترۆڵی بانکی خوێن لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بانکی خوێن پێشوازیان لێکرا، بۆ ئەوەش تێڕوانینێکی گشتی لەبارەى ستانداردەکانی کواڵیتی و ڕێکارەکانی کارکردنی سەنتەرەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد. پاشان شیرین عەبدولڕەحمان قادر، بەرپرسی سەنتەری گەشەپێدانی پیشەیی، ڕێنمایی زانستى پێشکەشى فێرخوازانى کرد بەتایبەت لە بوارى گرنگی هەر پرۆسەیەک و لە وەرگرتنى خوێن لە بانکی خوێن.
دواتریش دەرفەت بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر درا تاقیگە جیاوازەکانى بانکى خوێن بەسەربکەنەوە و، لە ئەنجامدا تێگەیشتنێکی قووڵتریان لە بارەى کارە بنەڕەتییەکانى بانکى خوێن بەدەستهێنا بەتایبەت لە سەلامەتی و کواڵیتی خوێنی بەخشراو، لە کۆتایی گەشتەکەدا پرۆفیسۆر دکتۆر میرزا حمودی سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە بەرپرسان و کەرمەندان کرد لە بەرانبەر ماندیبوونیان و پێشوازییان و پێدانی روونکردنەوەو زانیاری تەواو بە فێرخوازانی بەشی بایۆمێدیکاڵ.