بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ؛ یاری کۆتایی خولی تۆپی پێی زانکۆ بەڕێوەچوو و، تیپى فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بووە پاڵەوانی خولەکە
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٢/٢/٢٠٢٦)، لە کەشوهەوایەکی وەرزشیی پڕ لە جۆش و خرۆشدا، یاری کۆتایی خولی تۆپی پێی بەشە زانستییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە یاریگای زانکۆ بەڕێوەچوو. یارییەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و هاندەران ئەنجامدرا، کە تێیدا هەردوو تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن و تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لەگەڵ دەسپێکی یارییەکە، هەردوو تیپ بە پلانێکی تۆکمە دەرکەوتن؛ تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لەبەر مەترسیی هێرشبەرانی بەرامبەر پەنای بۆ پلانی بەرگری برد، بەڵام تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان توانییان لە غەفڵەتێکی هێڵی بەرگری سوود وەربگرن و گۆڵی یەکەم تۆمار بکەن. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، لێهاتوویی (دیدار حامید) گۆڵپارێزی تیپی پەروەردەی جەستەیی ڕێگر بوو لە هەموو هێرشەکان و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، گوشارەکانی تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن زیادیان کرد، بەڵام تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بە پشتبەستن بە هێرشی هەڵگەڕاوە توانییان سێ گۆڵی دیکە تۆمار بکەن و هیوای یەکسانبوونەوە لای تیپی بەرامبەر نەهێڵن. یارییەکە بە ئەنجامی (4-0) لە بەرژەوەندی تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان کۆتایی هات. شایەنی باسە تیپی براوە بە درێژایی خولەکە نەیانهێشت تۆڕی گۆڵەکەیان بهەژێت و لە کۆتاییشدا لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆوە جامی پاڵەوانێتییەکەیان پێشکەش کرا.








