بە سەردانێکی زانستیی فێرخوازانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی تاقیگەی فلۆریایی پزیشکی بەسەردەکەنەوە
لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 23/10/2025، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی فلۆریا پزیشکی لە هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحمەد نۆژاد حەسەن، ڕێکخرابوو. لە کاتی گەیشتنیان، دکتۆر نیاز سەردار ئەسعەد، خاوەن و بەڕێوەبەری تاقیگەی فلۆریا پزیشکی، بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار کرد. لە ماوەی سەردانەکەدا، خاوەن و بەڕێوەبەری تاقیگەی فلۆریا پزیشکی فێرخوازانی ئاشناى بە بەشەکانی تاقیگەکە کرد، بەتایبەت یەکە و بەشەکانی خوێنسازی، کیمیای کلینیکی، مایکرۆبایۆلۆجی و پشکنینە گەردیلەییەکان، هاوکات فێرخوازان ئاشنای چۆنیەتی کارکردنی ئامێرەکانی شیکارکردنی ئۆتۆماتیکی، مامەڵەکردن لەگەڵ نموونەکان،و پڕۆتۆکۆلەکانی سەلامەتی بایۆلۆجی کە لەناو تاقیگەکەدا جێبەجێ دەکرێن، بوون.
هەروەها سەردانەکە دەرفەتێکی بە فێرخوازان دا بۆ کارلێککردن لەگەڵ پسپۆڕە تەکنیکییەکان و بەدەستهێنانی تێڕوانینی پراکتیکی سەبارەت بە میتۆدەکانی دەستنیشانکردن، کە لە شیکارکردنە بەکتریایی و بایۆکیمیاییەکاندا بەکاردەهێنرێن، لەو چوارچێوەیەشدا گفتوگۆیەکی کارلێککارانە لەنێوان فێرخوازان و تیمی پرۆفیشناڵی تاقیگەکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا پرسیار سەبارەت بە تەکنیکەکانی دەستنیشانکردنی پێشکەوتوو و بەڕێوەبردنی تاقیگە خرایەڕوو.
لە کۆتایدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ئاراستەی دکتۆر نیاز سەردار ئەسعەد و تیمی تاقیگەی فلۆریا کرد بۆ هاوکارییە بە نرخەکەیان و بەشدارییان لە بەهێزکردنی تێگەیشتنی پراکتیکی فێرخوازان لە بوارى تاقیگەى پزیشکیدا.






