بە نوێنەرایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ خانمانی ئەکادیمی زانکۆ بەشدارییان لە “دیداری کەزی”ی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد
هەریەک لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (زین فەتحوڵڵا زفنکی) سەرۆکی بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ و مامۆستای یاریدەدەر (هاوڕێ فاتیح سامی) سەرۆکی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی، بە نوێنەرایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە “دیداری کەزی بۆ خانمانی ئەکادیمی” کرد.
ئەم دیدارە نیشتمانییە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (١٥/٢/٢٠٢٦) لە هۆتێل ئینتەرناشناڵ (شێراتۆن) لە شاری هەولێر، بە چاودێری و ئامادەبوونى دکتۆر (ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە خانمانی ئەکادیمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە میانی دیدارەکەدا، دکتۆر ئارام محەمەد قادر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا تیشکی خستە سەر پێگەی بەهێزی ژنان لە کەرتی خوێندنی باڵا و چەند ئامارێکی فەرمیی خستە ڕوو و ڕایگەیاند: ڕێژەی خانمان و کچان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە (٥٨٪). هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژەی خانمانی هەڵگری نازناوی زانستی (٣٨٪)ە و، خانمانی مامۆستای یاریدەدەر (٤٣٪)ی کۆی گشتی مامۆستایان پێکدەهێنن. بەشێکى دیکەى دیدارەکە تەرخانکرابوون بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ڕۆڵی خانمان لە سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەى چەند پانێڵەکەوە گفتوگۆ لەبارەى بونیادنانی کارامەیی و داهێنان و پەرەپێدانی بواری توێژینەوەی زانستی کرا، کە تێیدا نوێنەرانی زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکانە بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد.
دیدارەکە بە پێشکەشکردنی چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە کۆتایی هات، کە بڕیارە لە دوتوێی درافتێکدا ئامادە بکرێن و بکرێنە بنەمایەک بۆ ڕیفۆرمی سیاسەتی گشتی وەزارەت، بە ئامانجی بەهێزکردنی زیاتری ڕۆڵ و کاریگەری خانمان لە ناوەندەکانی بڕیاردانی زانکۆکاندا. بەشداریی خانمانی ئەکادیمی زانکۆی جیهان-هەولێر لەم دیدارەدا، ڕەنگدانەوەی بایەخدانی بەردەوامی سەرۆکایەتی زانکۆیە بە پشتگیریکردنی توانا نیشتمانییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان و ئافرەتان تاوەکو لە کایە زانستی و کارگێڕییەکاندا ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بگێڕن.







