بەبۆنەى ڕۆژى جیهانیی زمانى دایک، لە زانکۆى جیهان-هەولێر مەراسیمێکى فراوان بەڕێوەچوو
بە بۆنەى ڕۆژى زمانى دایک، کە دەکاتە ڕێکەوتى (٢١/٢)ى هەموو ساڵێک، لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە مەراسیمێکى تایبەتدا کە بەئامادەبونى زمانزان و پسپۆڕان و خەمخۆرانى زمانى کوردى بەڕێوەچوو، بە مەراسیمێکى فراوان و بەدروشمى (کوردستان مەڵبەندى پێکەوەژیانە) یادى ئەو ڕۆژە کرایەوە.
لەو مەراسیمەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥) لە هۆڵى (VIP) بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی و فێرخوازان و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و خەمخۆران و پسپۆڕانى زمانى کوردى بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان و سرودى نیشتیمانى ئەى ڕەقیب دەستیپێکرد، پاشان چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرەتا دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بەگرنگیەوە باسى لە زمان بەگشتى و زمانى کوردى بەتایبەت کرد و ڕایگەیاند: زمانى کوردى یەکێکە لە زمانە زیندووەکان، ئەرکى سەرشانیشمانە بەردەوام پەرە بەو زمانە بدەین بۆ ئەوەى هەمیشە بە زیندویی بمێنێتەوە، بۆ ئەوەش گرنگە لە ڕووى زانستیەوە بایەخى زیاترى پێ بدەین بەتایبەت لە ئاوێتەکردنى لەگەڵ تەکنەلۆژیا و زیرەکى دەستکرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان وتى: زمان شتێکە نیە لە بازاڕ بکڕدرێ بەڵکو دەبێ هەوڵى بۆ بدرێ تا بکرێتە زمانێکى ستانداردى زانستى، بەو جۆرە دەتوانێ خۆى بسلەمێنێ، بەو هۆیەشەوە ئەوانەى بەو زمانە قسەدەکەن لە ڕووى زانستیەوە دەوڵەمەند دەبن، بۆیە تەنها بە قسە و نوسینى پەرتوک و هیوا بەدى نایات و پێش ناکەوێ، بەڵکو زمان کارى دەستەجەمعى دەوێ، بەپێچەوانەوە زمان لەناو دەچێ، بۆ زمانى کوردیش ئەرکە لەسەر شانى هەمووان شانازى بە زمانى شیرینى کوردى بکەین، بەهەمان شێوە دەبێ ڕێز لە زمانەکانى دیکەش بگرین کە دانیشتوان قسەى پێ دەکەن.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ڕونیشیکردەوە ئامانجى دامەزراوە پەروەردەیی و زانستیەکانى جیهان بریتیە لە پێگەیاندنى کەسێکى بەتوانا و لێهاتوو، بۆ ئەوەش دەخوازین لە پاڵ زمانى تاک فێرخوازان فێرى زمانى دیکەش ببن، لە کۆتایشدا تەئکیدى لە پێویستى بونیادنانى زمانێکى ستانداردى کوردى کردەوە، بەجۆرێک هەموو زاراوەکان لە خۆبگرێ.
هەر بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، ئینجا باسى لە ڕۆڵى زانکۆ لە پاراستن و پەرەپێدانى زمان کرد و لەو بارەیەوە ووتى: یەکێک لە ئامانجەکانى دامەزراندنى زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە ڕۆژى یەکەمەوە تەنها بریتى نەبووە لە پێگەیاندنى فێرخواز لە پسپۆڕیەکى دیاریکراو و دواتریش بڕوانامەیەکى پێ ببەخشین، بەڵکو هەوڵمانداوە و کارى زۆرمان بۆ فێربوونى زمان کردوە، بۆیە هەر فێرخوازێک کە دێتە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ زمانى دایکى هەوڵمانداوە فێرە زمانێکى دیکەى بکەین بەتایبەت زمانى ئینگلیزى.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتی مایەى خۆشحاڵیمانە کە بیرۆکەى سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان، لەسەر ئاستى هەموو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، توانیمان دەزگاى زمانەوانیی کوردى زانکۆى جیهان دابمەزرێنین، ئەوەش وەک یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانى زانکۆکەمان بۆ پاراستن و ئاشناکردنى زمانى کوردى بەگەلان و وڵاتانى دیکە و پێیان بڵێن ئێمەش مێژوو، فەلەسەفە و کەلتور و زمانمان هەیە، بۆیە سوپاسى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر دەکەم بۆ گەڵاڵەکردنى ئەو بیرۆکەیە، هاوکات دەستخۆشى لەسەرپەرشتیار و ئەندامانى ئەکادیمیایەکە دەکەم کە لە هەوڵى بەردەوامدان و چالاکى جۆراوجۆر ڕێکدەخەن.
هەر لە میانەى پێشکەشکردنى قسەکانیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتى: زۆرى شێوە زارى زمانى کوردى نیشانەى دەوڵەمەندى زمانەکەمانە، بۆیە پێویستە سوود لەو دەوڵەمەندیەى زمانەکەمان وەربگرین و لە بوارەکانى (گفتوگۆ، کار و زانست) پەرەى زیاترى پێ بدەین، هەربۆیە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکیەکانى دەزگاى زمانەوانیی کوردى زانکۆى جیهان پێویستە بەو سێ ئاراستە کار بکات بۆ ئەوەى پەرەى زۆرتر بە زمانى کوردى بدەین، لە کۆتایی وتەکەشیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتیکردەوە کە ئەکادیمیایەکە پێویستى بە هاوکارى پسپۆڕان و خەمخۆرانى زمانى کوردى هەموو زمانزانێک و نوسەر و ئەدیب و شاعیرێک هەیە.
لە بەشێکى مەراسیمەکەدا، هاوکار حەمە فەرەج بەڕێوەبەرى ئەکادیمیاى زمانى کوردى لە زانکۆى جیهان و ڕێکخەرى مەراسیمەکە وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد و تیایدا دواى پیرۆزبایکردنى ڕۆژى زمانى دایک لە خەڵکى کورد زمان، کار و چالاکى ئەکادیمیایەکەى لە ماوەى یەک ساڵى ڕابردوو باسکرد.