بەشى زانستى کۆمپیوتەر فێرخوازەکانى بۆ بازارى کار ئامادە دەکات
بەئامانجى باشترکردن و بەهێزکردنى تواناى فێرخوازان لە بوارى ئەپڵیکەیشنەکانى مۆبایل، سەرۆکایەتى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر گفتوگۆیەکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى چوارەم ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى دکتۆر حسن فهمی حسن لە هۆڵى کتێبخانەى زانکۆ گفتوگۆیەکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى چوارەم ڕێکخست، لەو گفتوگۆ زانستیەدا چەند بابەتێکى پەیوەست بەپڕۆژەى کۆرس، پلاندانان، دیزاینکردن، پێشخستن و بەکارهێنانى پڕۆژەکانى پڕۆگرامکردنى مۆبایل لەلایەن دکتۆر حسن فهمی حسن مامۆستا لە بەشى زانستى کۆمپیوتەر بەوردى بۆ فێرخوازانى ئامادەبوو شیکرانەوە.
لەهەمانکاتدا، گفتوگۆیەکى زانستى لە چوارچێوەى تەوەرەکان لە نێوان دکتۆر حسن فهمی حسن و فێرخوازانى ئامادەبوو کرا، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان چەندین پرسیارى جیایان ئاراستەى دکتۆر حسن فهمی کرد، ئەوەش بەشێوەیەکى زانستى و ئەکادیمى وەڵامى پرسیار و سەرەنج و بۆچونەکانى فێرخوازانى دایەوە، هەروەک جەختى لەسەر گرنگى پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانیان لە بوارى پسپۆڕییەکانى فێرخوازان کردوە و، بەهەنگاوێکى گرنگیشى لە قەڵەمدا بۆ ئامادەبوون و کارکردن لە بازارى کارکردن بەتایبەت دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن بەسەرکەوتویی.