
بەشى وەرگێران کارى وەرگێڕان بۆ زیاتر لە (٣٠) فیلمى سینەمایی دەکات
لە دەستپێشخەرییەکى نوێدا و، بۆ پراکتیکردنى ئەو زانست و زانیارییانەى لە بوارى وەرگێڕان فێرى دەبن، فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان، کارى وەرگێڕانیان بۆ زیاتر لە (٣٠) فیلمى سینەماى کرد.
بەسەرپەرشتى م.فەریدون ڕەسولى، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى وەرگێڕان وەک چالاکیەکى بنەڕەتى بەشەکەیان توانیان لەماوەى ڕابردودا کارى وەرگێڕان بۆ زیاتر لە (٣٠) فیلمى سینەماى بەناوبانگ بکەن، کە گرنگترینیان ئەمانەن: Rim of the World 2019, Togo 2019, The King 2019, The last Husband 2020, and The King at Staten Island.
ئەم فیلمانە کە بەکواڵیتیەکى باش بەرهەمهاتوون، بەباشترین شێوە کارى وەرگێڕانیان بۆ کراوە و، ئێستا ئامادەبن بۆ پەخشکردن لە کەناڵەکانى تەلەفزیون، بەشێک لەو فیلمانە کارى وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانى کوردى بۆ کراوە و، بەشێکى دیکەشیان کراونەتە عەرەبى، سەرجەم وەرگێڕانەکانیش بەژێرنوسى کوردى یان عەرەبى ئەنجامدراوە.
وەرگێڕانى فیلم بەیەکێک لە پایە گرنگەکانى کارى وەرگێڕان دادەنرێت، هەربۆیە بەشى وەرگێڕان لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە ڕۆژى دامەزراندنیەوە بایەخێکى زۆر بەو بوارە دەدات، چونکە لەم سەردەمەدا بۆتە یەکێک لە پێویستیە گرنگەکانى کۆمەڵگە.