بەشى ڕاگەیاندن لە بوارى زنجیرە دراما و فیلم پەرە بە تواناى فێرخوازەکانی دەدات
بۆ پەرەپێدان بە توانا و لێهاتویەکانی فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە بواری فیلم و دراما، سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازان بۆ بەسەرکردنەوەى ستافێکى بەرهەمهێنانى زنجیرە درامایەکیان لە قەڵاى هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١١/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ڕەنجدەر ڕزگار، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن، لە قەڵاى هەولێر سەردانى ستافێکى بەرهەمهێنانى بەرهەمێکى دەرامایان کرد، کە لەلایەن حەسەن عەلى کارى دەرهێنانى بۆ دەکرێت.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەگەرمى لەلایەن ستافى فیلمەکە و بەتایبەت حەسەن عەلى دەرهێنەر و هەردی حەسەن بەرێوبەری بەرهەم و ئیبراهیم رەمەزان یاریدەدەری دەرهێنەر پلان دارێژ و، هاوکار فەرهاد بەرێوبەری وێنەگرتن پێشوازییان لێکرا، پاشان باسیان لە بەرهەمەکە کرد و، ڕایانگەیاند ئەم بەرهەمە کە درامایەکە لەلایەن کەناڵى کوردستان TV بەرهەم دێ، ڕونیشیان کردەوە دراماکە باس لە مێژووی (ئادیامین) دەکات و، سەردەمی شاری هەولێر لە سەردەمی میدییەکان دەگێڕێتەوە، لە هەمان کاتدا باسی مێژووی کۆمەلایەتی شاری هەولێر دەکات.
لە میانەى گفتوگۆکردن و بەسەرکردنەوەى لایەنەکانى دراماکە؛ فێرخوازان ئاشناى کارى درامى بۆ تەلەڤزیۆن و چۆنیەتى وێنەگرتن و بەرهەمهێنان و ئەکتینگ کرا، هاوکات فێرخوازان چەندین پرسیارى جیایان لەبارەى کارى دەرهێنان و بەرهەمهێنان و ڕۆڵ و ئەرکى ستاف لە زنجیرە دراماکان لە ستافى ئەو درامایە کرد، ئەوانیش وەڵامى پێویستى فێرخوازانیان دایەوە، ڕونیشیان کردەوە ئەم درامایە بەهۆى ئەوەى درامایەکى مێژوییە بۆیە لۆکەیشن یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکان و دەبێ هەموان بەوردى مامەڵەى لەگەڵدا بکەین.
لە کۆتایدا؛ مامۆستاى پەرشتیار سوپاس ستافى بەرهەمهێنان و دەرهێنەر و بەڕێوەبەرى زنجیرە دراماکەیان کرد، کە هاوکار و هەماهەنگیان بوون بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە دیوێکى دیکەى ڕاگەیاندن بەتایبەت دراما و چۆنیەتى بەرهەمهێنانى.