بەشى کارگێڕى کار، ئاهەنگێکى خنجیلانە بۆ منداڵانەى نەخۆشخانەى نانەکەلى ڕێکخست
بەمەبەستى ڕەخساندنى کەشێکى لەبارە و، دڵخۆشکردنى منداڵانى نەخۆشخانەى نانەکەلى تایبەت بەنەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجە، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار، ئاهەنگێکى خنجیلانەى بۆ منداڵان بەڕێوەبرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٢/١٢/٢٠٢١) لە درێژەى کارە خۆبەخشیەکانى سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار، و بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بشرى عەلى و، بەئامادەبوونى مامۆستاى یاریدەدەر محەمەد سابر جاجى و، بەبەشدارى ژمارەیەکى زۆرى فێرخوازانى بەشەکە لە قۆناغە جیاکان، ئاهەنگەکە لە نەخۆشخانەى نانەکەلى بەڕێوەچوو، کە چەند بڕگەیەکى جیاى لەخۆگرتبوو.
لەسەرەتادا، منداڵان بەپێشکەشکردنى چەند گۆرانیەک لەلایەن هونەرمەند جۆزیف ئەحمەد فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى کارگێڕى کار پێشوازیان لێکرا، هاوکات هونەرمەند هەڤال تامارخانیش بەشدارى لەو بڕگەیەى ئاهەنگەکەدا کرد، کە بەهۆیەوە منداڵان دڵخۆشبوون و، خۆشحاڵى خۆیان بەو بۆنەیەوە دەردەبڕى.
بڕگەیەکى دیکەى ئاهەنگەکە تایبەت بوو بەکێشانى وێنەى جۆراوجۆر لەسەر ڕوخسارى منداڵان، ئامانج لەم کارەش بڵاوکردنەوەى دڵخۆشى و ئاسودەیی زیاتر بوو لەناو منداڵان، بەتایبەت لە ڕێگەى وێنەجۆراوجۆرەکان کە گوزارشتیان لە دونیاى خەندە و خۆشى منداڵان دەکرد.
هەر لەو ئاهەنگەدا، منداڵانى نەخۆشخانەکە بەشداریان لە چالاکیەک کرد کە تایبەت بوو بەنەخشاندنى پەنجە مۆریان لەسەر تابلۆیەکى سپى لەگەڵ نوسینى ناوەکانیان.
لە کۆتایشدا، لەلایەن مامۆستایان و فێرخوازان دیارى تایبەت بەسەر سەرجەم منداڵانى ئاهەگەکەدا دابەش کرا، فێرخوازان و مامۆستایان لە ڕێگەى ڕێکخستن و دابەشکردنى دیاریەکاندا هانى منداڵانیاندا هەمیشە دڵخۆش و ئاسودە بن تا باشتر بتوانن ڕووبەڕووى نەخۆشیەکانیان ببنەوە و، بەجەستەیەکى تەندروست بگەڕێنەوە ژیانى ئاسایی خۆیان و، هەوڵ بۆ بەدیهێنانى ئامانج و خەونەکانیان بدەن.