بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتیدا باسى سیستمی هەرس و کاریگەری لەسەر خەو دەکات
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٦/١١/٢٠٢٥)، لە هۆڵی VIP زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس وۆرک شۆپێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی “سیستمی هەرس چۆن کاریگەری لەسەر خەومان دەکات؟” ڕێکخست.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم، یاریدەدەرى سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، ژمارەیەک لە سەرۆکی بەشە زانستیەکان و ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە و کارگێڕی و فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، دکتۆر جێنین عەواد، شارەزای نێودەوڵەتی لە بواری خۆراک لە لوبنان، سیمینارەکەی پێشکەش کرد، لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکەیدا بەشێوەیەکى ورد پەیوەندییە زانستی و فیسیۆلۆژییەکانی نێوان میکرۆبەکانی ڕیخۆڵە و ڕێکخستنی خەوی تاوتوێ کرد، بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە چۆن بەکتریای ڕیخۆڵە کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی گوازەرەوە دەمارییەکان وەک سیرۆتۆنین، میلۆتۆنین و گاما-ئەمینۆبوتیریک ئەسید (GABA) هەیە، کە ئەم ماددە کیمیاییانە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە هاوسەنگی میزاج، ڕێکخستنی کاتژمێری بایۆلۆجی و کوالیتی خەو.
لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ئەو شارەزا نێودەوڵەتیەى لە بواری خۆراک شێوازەکانی خۆراکی خستەڕوو، بەتایبەت کە تەندروستی سیستمی هەرس بەهێز دەکەن، لەوانە خواردنە دەوڵەمەندەکان بە ڕیشاڵ، پرۆبایۆتیک و پرییۆتیک. هەروەها هۆشداریدا لەو هۆکارانەی کە هاوسەنگی ڕیخۆڵە تێکدەدەن وەک سترێس، خواردنە پرۆسێسکراوەکان و ناڕێکی کاتی ژەمەکان. بەشداربووان فێربوون کە چۆن دەستێوەردانەکانی خۆراک دەتوانن پشتیوانی لە تەندروستی هەرس و خەوێکی ئاسوودە بکەن لە ڕێگەی پلاندانانی ژەمی گونجاو و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا.
وۆرکشۆپەکە نوێترین توێژینەوەکانی تاوتوێ کرد کە پەیوەندی لە نێوان تەوەری ڕیخۆڵە-مێشک و تێکچوونەکانی وەک بێخەوی، دڵەڕاوکێ و سندرۆمەکانی میتابۆلیزم دادەنێن، بۆ ئەوەش دکتۆر جێنین عەواد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چۆن شارەزایانی خۆراک دەتوانن سوود لەم زانیاریانە وەربگرن لە کاری پزیشکی و کۆمەڵایەتیدا.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، سەرۆکى بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس بڕوانامەی ڕێزلێنانی بەخشییە دکتۆرە جێنین عەواد وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشداریی بەنرخی لە وۆرک شۆپەکەدا.






