لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆركشۆپێكی زانستی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی پووكانەوەی ئێسك بەڕێوەچوو
لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٨/١٠/٢٠٢٥) لە هۆڵى (VIP) زانکۆی جیهان-هەولێر، سەرۆکایەتى بەشی چارەسەرى سروشتى و بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس وۆرکشۆپێکى هاوبەشی زانستی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی پووكانەوەی ئێسكیان بەڕێوەبرد.
وۆرکشۆپەکە، بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆری دکتۆر (ئەیاد حازم)، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ئامادەی بوون، تیایدا لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەكانی نەخۆشییەكانی ئێسك و جومگە، پزیشكی ناخ، چارەسەری سروشتی و زانستی خۆراك، چەند بابەتێکى زانستى لەبارەى پوکانەوەى ئێسک بەڕێوەچوو.
بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا دکتۆر هەڤاڵ سەردار عەبدولڕەحمان، پزیشكی نەشتەرگەریی ئێسك و جومگە، بابەتێک لەبارەى “تێگەیشتن لە پووكانەوەی ئێسك: پێناسە، هۆكارەكان و خۆپاراستن” پێشكەشکرد، دواتریش مەزن عەبدولڕەحمان حاجی، پزیشكی پسپۆڕى بوارەکە باس لە “بەرپرسیارێتییە ئەخلاقییەكان لە خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی پووكانەوەی ئێسك” کرد، هاوکات مامۆستاى یاریدەدەر نوورا نەسرەدین شەریف، مامۆستای چارەسەری سروشتی، بابەتێك دەربارەی “ڕۆڵی چارەسەری سروشتی لە خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی پووكانەوەی ئێسك” خستەڕوو.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا لەلایەن ئەحمەد نەبەز خەلیل پسپۆڕى بوارى نیوتریشن و دایەتێتکس بە وردى ئاماژەى بە شێوازەکانی خۆراک و کاریگەرییان لەسەر ئێسک لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی تەمەن کرد و بەوردى لایەنە جیاوازەکانى بابەتەکەى بەشێوەیەکى زانستى پراکتیکى بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.
وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆى نێوان ئامادەبووان و خستنەڕووى سەرەنج و بۆچونەکانیان و، وەڵامدانەوەى پسپۆڕەکەى بوارى نیوتریشن و دایەتێتکس کۆتایی هات.






