بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس گەشتێکی زانستی بۆ سەنتەری میدیا بۆ ڕاهێنانی کلینیکی بۆ فێرخوازان بەڕێوەدەبات
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر رضا حەسەن، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر لە چوارچێوەی ڕاهێنانێکی کلینیکیدا سەردانی سەنتەری دەستنیشانکردنی میدیایان لە شارى هەولێر کرد.
لەگەڵ گەیشتنیان، لەلایەن گۆران ئەحمەد، سەرپەرشتیاری سەنتەرەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، سەرەتا تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی دەستنیشانکردن لە سەنتەرەکەیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد،وتیشى خزمەتگوزارییەکان بریتین لە پشکنینی تاقیگەیی، وێنەگرتنی پزیشکی و شیکاری بایۆکیمیایی. هەروەها گرنگی دەستنیشانکردنی وردی لە هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی نەخۆشەکان و ڕۆڵی لە پلاندانانی چارەسەری و خۆراکیدا بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە.
هەر لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا کە چاودێری کۆمەڵێک پشکنینی دەستنیشانکردن بکەن، کە پەیوەندییان بە خۆراک و میتابۆلیزمەوە هەیە، وەک پشکنینی شەکری خوێن، پرۆفایلی چەوری و هەڵسەنگاندنی ئاستی ڤیتامین. هەروەها فێربوون کە چۆن ئەم پشکنینانە بەکاردەهێنرێن بۆ دەستنیشانکردنی بەدخۆراکی و کەمی ماددە خۆراکیەکان و نەخۆشیەکانی گۆڕانکاری خۆراک و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی خۆراک.