بەشی پەروەردەی گشتی دیارى پێشکەش بە ماڵى بەساڵاچووان لە شاری هەولێر دەکات
لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ کۆمەک و هاوکاریکردنى ئەو چین و توێژە جیایانەى کۆمەڵگە کە پێویستیان بە پاڵپشتیکردنە، ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (19ی 1ی 2025)، بەسەرپەرشتی دکتۆر احمد عەبدلعون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى و، ئەندامێتی مامۆستاى یاریدەدەر بۆتان عثمان ئەمین و ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم سەردانى ماڵى بەساڵاچوانیان لە شارى هەولێر کرد.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن سەنگەر جەمال عەبدولکەریم بەڕێوەبەرى ماڵى بەساڵاچوان و کۆمەڵێک فەرمانبەر پێشوازییان لێکرا، ئینجا کۆمەڵێک دیارییان بەسەر (٦٥) ژن و پیاوى بەساڵاچوى ماڵەکەدا دابەش کرد، کە بریتیبوون لە جانتا و جل و بەرگ و پێداویستییە کەسییەکانیان. لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری ماڵەکە دڵخۆشی و پێزانینی خۆی بۆ ئەم هەڵوێستە مرۆییەی فێرخوازان و ستافى مامۆستایانى پەروەردەى گشتى دەربڕی، هیواشى خواست بەردەوامى بە کارە مرۆییەکانیان بدەن، چونکە بەساڵاچوان پێویستیان بەوەیە لە هەموو ڕویەکەوە چاودێرى بکرێن.
دکتۆر ئەحمەد عەبدولعەون سەرۆکى بەشی پەروەردەی گشتی، ڕایگەیاند: یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانمان بریتیە لە دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان فێرخوازان و کۆمەڵگە، بۆ ئەو مەبەستەش دەخوازین لە ڕێگەى ئەو جۆرە چالاکیانەوە ڕۆحی هاوکاری و پاڵپشتى کۆمەڵایەتی لە نێوان فێرخوازان بەهێز بکەین و، بەها مرۆییەکان لەنێوانیاندا بڵاو بکەینەوە، چۆنکە دەرچوانمان دەبنە سەرکردەی داهاتوو و ڕۆڵیان لە پێگەیاندنى نەوەکان دەبێ بەتایبەت لە بوارى پەروەردەى لە ناوەندەکانى خوێندن.