بەشی چارەسەری سروشتى بەسەرکەوتویی کۆتایی بە خولى ڕاهێنانى پزیشکان و کارمەندانى وەزارەت تەندروستى لە بوارى پەیوەندیکردن و چاودێری تەندروستی هێنا
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٣/٣/٢٠٢٥) بەشی چارەسەری سروشتى لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولێکى ڕاهێنانی پێنج ڕۆژەی هێنا، کە تایبەت بوو بە (کارامەیی پەیوەندیکردن لە چاودێری تەندروستی)، لە مەراسیمێکیشدا بڕوانامەى بەشداریکردن بەسەر بەشداربواندا دابەش کرا.
لەو مەراسیمەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ، بەئامادەبونى مامۆستایانى و بەشداربوانى خولەکە بەڕێوەچوو، مامۆستاى یاریدەدەر تەنیا سەلام سەرۆکى بەشى چارەسەرى سروشتى لە وتەیەکدا دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان جەختی لە گرنگی کارامەیی پەیوەندی کاریگەر لە کەرتی چاودێری تەندروستی کردەوە، بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە کە پەیوەندی باش بەشدارە لە باشترکردنی چاودێری نەخۆش، دەستنیشانکردنی ورد و، بەرزکردنەوەی کاری تیم لەناو دامەزراوە تەندروستیەکان، لەو چوارچێوەیەشدا سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆگرامانەی ڕاهێنانی پیشەیییە، هەروەک دەستخۆشى لە بەشداربووانیش کرد لە بەرانبەر پابەندبوون و بەشداری چالاکانەیان لە ڕۆژانى خولى ڕاهێنانەکە.
لەو خولەدا، کە لە ڕێکەوتى (23/2/2025 تا 02/03/2025) بەردەوام بوو، پزیشک و کارمەندانى تەندروستى بەشێوەیەکى کاریگەر بەشدارییان لە خولەکەدا کرد، کە کۆمەڵێک بابەتى گرنگى لە بوارەکانى تەکنیکەکانی پەیوەندی زارەکی و نازارەکی، ستراتیژییەکانی چاودێری نەخۆش، تەکنیکەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی لە شوێنە پزیشکییەکان و پێشخستنی کاری تیمیدا پێشکەش بە بەشداربووان کرا، هەر لە چوارچێوەى ڕۆژانى بەڕێوەچوونى خولەکەدا دکتۆر مازن عەبدولڕەحمان حاجی بە کۆمەلێک نموونەى زیند و کەیسی واقیعی تەوەرەکانى خولەکەى دەوڵەمەند تر کرد، هەروەک دەرفەتی بە بەشداربووان دا، کە ئەو بابەتانەى فێربوون لە سیناریۆی پراکتیکیدا جێبەجێ بکەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا مامۆستا تانیا سەلام بڕوانامەی تەواوکردنی خولەکەى بەسەر یەک یەکەى بەشداربووان دابەشکرد، هەروەها بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە دکتۆر مازن عەبدولڕەحمان حاجی و ڕێکخەران و مامۆستایانى خولەکەدا دابەش کرا، ئەم خولە لە چوارچێوەى هەوڵە بەردەوامەکانی بەشی چارەسەری سروشتى بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان لایەنى ئەکادیمی و ژیانى پراکتیکی لە بوارى چاودێری تەندروستی دێ بۆ دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی چاودێری تەندروستی کوالیتی بەرز لە ڕێگەی پەیوەندییەکی کاریگەرەوە.