بەشی ڕاگەیاندن خولێکی تایبەتی لەبارەی کاریگەری هەواڵی ساختە لەسەر ڕەفتاری دەروونى تاک بۆ فێرخوازان ڕێکخست
سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (2-10-2025) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، خولێکی تایبەتی لەبارەی (کاریگەریی هەواڵی ساختە لەسەر ڕەفتاری دەروونى تاک) بۆ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان کردەوە.
خولەكە لەلایەن مامۆستا (محمد عومەر کانی)، ڕاهێنەر و توێژەر لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پێشکەشکرا. لە دەستپێکی خولەکەدا، مامۆستای ڕاهێنەر پێناسەی هەواڵی ساختە کرد و، ڕوونی کردەوە ئەم دیاردەیە تەنها هەڵەیەکی بێ مهبهست نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بریتییە لە “بەلاڕێدابردنێکی ڕێکخراو کە بە مەبەستی هاندانی بەرژەوەندیی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابووری ئامانجدار دروست دەکرێت.” پاشان، بە وردی تیشکی خستە سەر جۆرەکانی ئەم هەواڵانە و وتی: “لێکجیاکردنەوەی هەواڵی ساختە دەستپێکی چارەسەرە.” لە بەشێکى دیکەى خولەکەدا مامۆستاى ڕاهێنەر بەشێوەیەکى کرداریی، فێرخوازانى دابەشى سەر چەند گرووپێک کرد و، تێیدا شیکارییان بۆ چەندین نموونەی وێنەیی و دەقیی ڕاستەقینە هەواڵ کرد، کە هەندێکیان ساختە بوون و هەندێکیان ڕاست بون، بەوەش فێرخوازان فێربوون چۆن بە سادەترین ڕێگە سەرچاوە و زانیارییەکان بپشکنن و بەپێی بەڵگە زانستییەکان بڕیار بدەن، نەک تەنها سۆز، بەو جۆرە خولەکە بووە دەروازەیەک بۆ بەرزکردنەوەى توانای شیکاری و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی فێرخوازان بۆ ئاستێکی باڵا.
لە کۆتایی خولەکەدا، مامۆستا ى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل بەناوی سەرۆكایەتی بەشی ڕاگەیاندن سوپاسی ڕاهێنەری كرد بۆ پێشكەشكردنی ئەو بابەتە گرنگ و هەستیارە، پاشانیش بڕوانامەی ڕێزلێنانی بە مامۆستاى خولەکە بەخشی، هاوكات بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە سەرجەم فێرخوازانی بەشداربوو.