بەشی ڕاگەیاندن میوانداریی بەرپرسی پڕۆژەکانی DWـی ئەڵمانی دەكات
سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٧-١٢-٢٠٢٥،پێشوازیی كرد لە مەناف موبارەک بەرپرسی پرۆژەکانی تۆڕی DWـی ئەڵمانی و، وۆركشۆپێكی بەئامانجی بەهێزکردنی توانا پیشەییەکانی فێرخوازان و گرێدانی لایەنی تیۆری بە ئەزموونە نێودەوڵەتییە مەیدانییەکان ئەنجام دا.
لەو وۆركشۆپەدا، كە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەشێوەیەكی چڕ دەستی پێکرد، ژمارەیەك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە هەموو قۆناغە جیاوازەكان ئامادەیبوون و، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، لە وۆركشۆپەكەدا بەشێوەیەکی سەرەکیی گرنگیی درا بە پێشبینیکردنی داهاتووی پیشەیی بۆ فێرخوازان و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگە و میکانیزمە نوێیەکان کە توانای ئەوەیان پێدەدات بە متمانە و شارەزاییەوە بچنە ناو بازاڕی کاری میدیاییەوە.
بۆ ئەو مەبەستە مەناف موبارەک بەشێکی گەورەی وۆرکشۆپەکەی تەرخان کرد بۆ لایەنی تەکنیکی و پراکتیکی، کە تیایدا ڕوونکردنەوەیەکی وردی پێشکەش بە فێرخوازان کرد دەربارەی ئەپڵیکەیشنی DPA، هاوكات باسی چۆنیەتی سوودوەرگرتنی كرد لەم ئەپڵیکەیشنە و، بەکارهێنانی وەک ئامڕازێکی کاریگەر لە کاری ڕۆژنامەوانییدا كرد.






