بەشی ژمێریاری بەسەردانێکی زانستی کۆمپانیایەکى ئاڵوگۆڕ و حەواڵەکردنى دراو بەسەردەکەنەوە
بۆ چۆنیەتى بەستنەوەى پڕۆگرامەکانى خوێندن بەبازارى کار، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (08-05-2023)، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕ و حەواڵەکردنى دراو لە شاری هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتی دکتۆر هاشم محمد خەیر سافی ڕێکخرابوو، فێرخوازانى قۆناغى دووەم لەلایەن (بەڕێز عەبدوڵلا ئەحمەد) بەڕێوەبەری (کۆمپانیای لاکش ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی دراو) پێشوازیان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لە بارەى چالاکییەکانی کۆمپانیاکەیان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، هەروەک باسى لە سروشتی کاری کۆمپانیاکەیان و، شێوازی کارکردنی ژمێریار لە کۆمپانیاى ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەى دراوى کرد، وتیشى لە کۆمپانیاکەیان جگە لە ئاڵوگۆڕى دراو، کارى حەواڵەکردنى دراو لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراق و وڵاتانى دەرەوەش دەکەن.
هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکەدا، بەڕێوبەری دارایی کۆمپانیاکە بەشێوازێگى پراکتیکى باسى لە چۆنیەتی تۆمارکردنی کارەکانی ژمێریاری لە کاروباری بانکی و جیاوازیی نرخەکانی ئاڵوگۆڕ بۆ فێرخوازان باسکرد، لەگەڵ شیکردنەوەى چۆنیەتی دابەشکردنی هەژمارەکان، ژمێریاریەکان و تۆمارکردنى کۆمپانیاکە و، چۆنیەتى حەواڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەتایبەت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گواستنەوەکانی پەیوەست بە بانک و کارتی بانکیی بۆ فێرخوازان باسکرد.
سەردانە زانستییەکە بە پێداچوونەوە بە سیستمی کاری ژمێریاری لە کۆمپانیاکە کۆتایی هات، لە کۆتایشدا دەرفەت بەفێرخوازان درا پرسیارەکانیان لەبارەی بانکی و بابەتەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی پارە بکەن ئاراستەى بەڕێوەبەر و کارمەندانى کۆمپانیاکە بکەن.