توێژینەوەکانى پەیوەست بە لایەنى دیزاین و تیۆرییەکانی تەلارسازی تەرخانکرا بۆ دانیشتنێکى دیکەى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی
هەر لە دانیشتنەکانى دووەمین ڕۆژى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی ئەندازیارى تەلارسازی و ئەندازیاری شارستانی، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥) ، هۆڵی (VIP)بەڕێوەچوو، چەند توێژینەوەیەکى بەپێز لەبارەى دیزاین و تیۆرییەکانی تەلارسازی لەلایەن ئەکادیمیستان و توێژەران لە زانکۆ و دامەزراوە زانستییە جیاوازەکانەوە پێشکەش کران.
ئەم دانیشتنە بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر دکتۆر سەعد عیسا سەرسام لە زانکۆی بەغداد و، دکتۆر ریبوار ئیسماعیل ئیبراهیم لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا ژمارەیەک توێژینەوەی زانستی کە باسیان لە پرسە تەلارسازییە هاوچەرخەکان کرد، لەلایەن توێژەرانەوە پێشکەشکران، توێژینەوەکان پەیوەست بوون بە ناسنامەی ئیسلامی لە بوارى تەلارسازی، تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پاراستنی میراتی کەلتووری، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا توێژەران پرۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حەمید یاسین لە زانکۆی جیهان-هەولێر و، توێژەر سوهەیل نەجم عەبدوڵڵا لە زانکۆی سامەڕا بە پێشکەشکردنى توێژینەوەیەک بەناونیشانى (The Decline of Islamic Architectural Identity During the 20th Century ) دەستیپێکرد، کە تیایدا باسیان لە داکشانی ناسنامەی تەلارسازی ئیسلامی لە ماوەی سەدەی بیستەمدا کردو، لە میانەى خستنەڕووى توێژینەوەکەیاندا پێداچوونەوەیان بەو هۆکارانە کرد، کە کاریگەرییان لەسەر پەرەپێدانی تەلارسازی ئیسلامی و ئاستەنگەکانی پاراستنی ڕەسەنایەتییەکەی لە بەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە مۆدێرنەکاندا هەبوو.
دواتر دکتۆر مەزورا عەبدولغەفار (Dr. Maszura Abdul Ghafar ) لە زانکۆی UPM لە مالیزیا توێژینەوەکەى لەبارەى (A Systematic Review of Extended Realities (XR) Technologies in Chinese Traditional Museums: Cultural Heritage Preservation and Visitors’ Experience ) خستەروو، لە ناوەڕۆکەکەیدا توێژەر پێداچوونەوەیەکی زانستى سیستماتیکی بە تەکنەلۆژیاکانی واقیعی درێژکراوە (XR) لە مۆزەخانە نەریتییەکانی چین کرد، کە چۆن توانیویانە پارێزگارى لە میراتی کەلتووری و ئەزموونی سەردانیکەران بکە، هەروەها باسی لە ڕۆڵی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە بەرزکردنەوەی ئەزموونی سەردانکەران و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان لەو وڵاتە کردبوو، دواتریش توێژینەوەیەکی ڕەسەن بەناونیشانی (Openings and their impact on the visual aspects of house facades in Mosul city ) لەلایەن دکتۆر حەسەن سەلمان عەبدوڵلا لە زانکۆى موصل پێشکەش کرا، توێژەر لە توێژینەوەیەکەیدا بەوردى باسى لە لایەنە گرنگەکانى تەلارسازیی وەک پەنجەرە و دەرگا و باڵکۆنەکان و کاریگەرییان لەسەر لایەنی جوانکاری و بینراو و ڕووبەری بیناکان کرد، وەک لە توێژینەوەکەیدا باسى کرد ئەو توخمانە ڕۆڵێکی گرنگ لە پێناسەکردنی ناسنامەی بینراوی شارەکە دەگێڕن و، ڕەنگدانەوەی سیمای شارستانی و کەلتووری لە موسڵ پیشان دەدات، ئەوەش کاریگەری شێوازی تەلارسازی نەریتی و ئیسلامی لەسەرە، ئەمە جگە لە کاریگەرییە مۆدێرنەکان کە کاریگەرییان لەسەر دیمەنی شارەکان هەبووە.
هەر لە دانیشتنى سێیەم دووەم ڕۆژى کۆنفرانسدا پرۆفیسۆر دکتۆر حەمزە سەلمان لە زانکۆی بابل توێژینەوەکەى لەبارەى (The Change of Life in The World of Metaverse ) پێشکەش کرد لە چوارچێوەى ناونیشانى توێژینەوەکەیدا توێژەر باسى لە گۆڕینی شێوازی ژیان لە جیهانی میتاڤێرس کرد، وەک توێژەر ئاماژەى بۆ کرد (Metaverse) چەمکێکە کە ئاماژەیە بۆ جیهانێکی دیجیتاڵی گریمانەیی یەکگرتوو کە واقیعی زیادکراو (AR) و واقیعی گریمانەیی (VR) و ئینتەرنێت ئاوێتەى یەکتر دەکات و، تاکەکان دەتوانن کارلێک لەگەڵ ژینگە دیجیتاڵییە سێ ڕەهەندییەکان بکەن بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی وەک زیرەکی دەستکرد و بلۆکچەین. بۆ ئەو مەبەستەش توێژەر بەوردى باسى لەوە کرد میتاڤێرس گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازی کارلێکی مرۆڤەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیادا ددەکات و، لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانە، لە کار و پەروەردەوە بۆ کات بەسەربردن و بازرگانی، دادەڕێژیتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەى بەو ئاڵنگارییانە کرد کە لەو چوارچێوەیەدا ڕووبەڕووى مرۆڤ دەبێتەوە. لە کۆتایشدا دکتۆر شەیرەتول ئەکمە ڕۆسلان (Shairatul Akma Roslan) لە بەشی تەلارسازی، UPM، مالیزیا توێژینەوەکەى بە ناونیشانى (Automated Ai-Driven Feature Extraction for Archaeological Site Detection in the North Peninsular Malaysia, Bujang Valley ) پێشکەشکرد، لە توێژینەوەکەیدا ئەم توێژەر باسى لە دەرهێنانی تایبەتمەندی ئۆتۆماتیکی Ai-Driven بۆ دیاریکردنی شوێنی شوێنەواریی لە باکووری نیمچە دوورگەی مالیزیا، دۆڵی بوجانگ کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونیکردەوە ئەو تایبەتمەندییە یارمەتیدەر بووە بۆ باشترکردن و کارایی کارەکانی گەڕان. ئەم پرۆسەیە پشت بە شیکردنەوەی وێنەی ئاسمانی و داتاکانی هەستکردن لە دوورەوە دەبەستێت بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی، کە دەتوانێت نەخش و پێکهاتەکانی زەوی پەیوەست بە شوێنەوارەکان دەستنیشان بکات.
کۆتایی دانیشتنەکە بە گفتوگۆی زانستی لە نێوان بەشداربووان زیاتر دەوڵەمەند کرا و، بە شێوازى جیا ئامادەبوان بیروڕایان لەسەر ئاستەنگ و پێشکەوتنەکانی تەلارسازی مۆدێرن خستەڕوو، هەروەها باسیان لە گرنگی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە بوارەکانی دیزاین و پاراستنی میراتەکاندا کرد. دانیشتنەکە بە کۆمەڵێک ئەنجامى گرنگ کە تایبەت بوون بە پێویستی پاڵپشتیکردنی توێژینەوەی زانستی لە بوارەکانی تەلارسازی و تەکنەلۆجیا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ناسنامەی کەلتووری و تەلار سازی کۆتایی هات.