توێژینەوەکانى پەیوەست بە پلاندانانی شار و دیزاینی شارەکان لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی ئەندازیاری تەلارسازی و شارستانی پێشکەشکران
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥) و ، لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بۆ ئەندازیاری تەلارسازی و شارستانی، کە لە لایەن زانکۆی جیهان-هەولێر، بە هاوکاری زانکۆی پوترا مالیزیا ڕێکخرابوو، لە دانیشتنى دووەمدا کە هۆڵی کۆنفرانسەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک توێژینەوە لەبارەى ئەندازیارى پلاندانانی شار و دیزاینی شار پێشکەش کران.
ئەو دانیشتنە بە سەرۆکایەتی دکتۆر کازم فارس دامەد ئەلعیساوی و دکتۆر نەغم ئیسماعیل یەحیا سەرپەرشتی کرا، چەند توێژینەوەی ڕەسن و پێشکەوتوویی توێژەران لە بوارەکانى پلاندانانی شار و دیزاینی تەلارسازی پەرەپێدانى بەردەوام پێشکەش کران، لە توێژینەوەکاندا گرنگی بە کاریگەری توخمە تەلارسازییەکان، ژاوەژاوی ژینگەیی، نۆژەنکردنەوەی ناسنامەی مێژوویی و دیزاینی شەقام و شارستانی بەردەوام درا، سەرەتاش توێژینەوەیەکى هاوبەشى ضحى حازم غانم و دکتۆر عیماد هانی ئیسماعیل لە زانکۆی موسڵ پێشکەش کرا، توێژینەوەکە بەناونیشانى (Improving Campus Navigability: The Effect of Repeated Architectural and Non-Architectural Elements )، لە توێژینەوەکەیاندا توێژەران باسیان لە باشترکردنی ڕێگەی توخمە تەلارسازی و ناتەلارسازییە دووبارەبووەکان کردبوو، بۆ ئەو مەبەستەش کاریگەری دیزاینی دووبارەبووەوە لەسەر باشترکردنی ئەزموونی بەکارهێنەر لە دامەزراوە پەروەردەییەکان بە چەندین بەڵگەى زانستى تاوتوێ کرابوو.
دوابەدوای ئەم توێژینەوەیە لەلایەن رائد عەبدوڵڵا حەسەن لە زانکۆی سامەڕا توێژینەوەیەکى دیکە بەناونیشانى (Assessment of the Noise of Heavy Vehicles on Residents Near Local Roads in Iraq: Samarra City as a Case Study ) پێشکەش کرد، لە توێژینەوەیەکەیدا هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەری ژاوەژاوی ئۆتۆمبێلی قورس لەسەر ئەو دانیشتووانانە کرا، کە لەنزیک ڕێگە ناوخۆییەکان لە عێراق دەژین، بۆ ئەو مەبەستەش توێژەر شاری سامەڕا وەک نمونەیەک بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەکەى وەرگرتبوو، لە کۆتایشدا توێژەر گەیشتبووە کۆمەڵێک خاڵى گرنگ و وەک ئەنجامى توێژینەوەکەى خستیەڕوو، لەلایەکى دیکەوە توێژینەوەیەکى هاوبەشى هەریەک لە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئینعام عەبدولعەزیز ئەلبەزاز و دکتۆر فەرحان عەبدولجاسم لە زانکۆی بەغداد بە ناونیشانى (Components of Architectural Language and Early Recovery for the Destroyed Old Mosul City ) پێشکەش کرا، لە توێژینەوەکەیاندا توێژەران بە قووڵی باسیان لە توخمەکانی زمانى تەلارسازی و ڕۆڵی لە نۆژەنکردنەوەی شارەکان کردبوو، توێژەران بۆ توێژینەوەکەیان تیشکیان خستبووە سەر بوارى تەلارسازى لە گەڕەکە کۆنەکانى موسڵ بەتایبەت دوای وێرانکارییەى کە ڕوبەڕووى ئەو شارە بوەوە، لە کۆتایشدا توێژەران کۆمەڵێک ڕێگە چارەی ئەندازیارییان بۆ پاراستنی ناسنامە و میراتی شارەکە گەڵاڵە کردوە.
هەر لەو دانیشتنەى کۆنفرانسەدا، حسێن سەلمان عەبدوڵڵا لە زانکۆی موسڵ توێژینەوەیەکى بەناونیشانى (Sustainable street design principles and their impact on old streets) خستەڕوو، لە توێژینەوەکەیدا توێژەر باسی لە بنەماکانی دیزاینی شەقام لە چوارچێوەى پرۆسەى پەرەپێدانى بەردەوام و کاریگەرییان لەسەر گەڕەکە کۆنەکان کرد، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پلاندانانی شارەکان کرد لە باشترکردنی کوالیتی ژیان لەناو شارەکان بەگشتى و شارە مێژووییەکان بەتایبەت. دواتر دکتۆر سوزەرینی زەینەل عابیدین (Dr.Sazrinee Zainal Abidin ) لە زانکۆی پوترا مالیزیا توێژینەوەیەکی تایبەتى بە ناونیشانى (Reviving Historical Identity and Modern Tourism: The Role of City Branding in Positioning Malacca as a Premier Heritage Destination ) پێشکەش کرد، ئەم توێژەرش لە توێژینەوەکەیدا بە وردى ڕۆڵی براندەکانی شار لە بەرزکردنەوەی ناسنامەی مێژوویی و هاندانی گەشتیاری مۆدێرن تاوتوێ کرد بوو، ئەوەش بە گرنگیدان بە شاری مەلاکا (Malacca)ی مالیزیا وەک نموونەیەکى توێژینەوەکەى.
بەشى کۆتایی دانیشتنەکە تەرخان کرا بۆ خستنەڕووى دوو توێژینەوەى دیکە، توێژینەوەى یەکەمیان توێژینەوەیەکى هاوبەشى هەریەک لە توێژەران دکتۆر کازم فارس و دکتۆر عەلی مەجید حمید لە زانکۆی بەغداد و، دکتۆر ڕوسل سەرمەد ئەلوسی لە زانکۆی ئەل نەهرین بوو، توێژینەوەکە بەناونیشانى (Measuring Housing Competitiveness Indicators in Residential Investment) بوو، توێژەران لە توێژینەوەکەیاندا دواى ئەوەى پێناسەی پێوەرەکانی کێبڕکێی خانووبەرە و پێوانەیان کردبوو، ئینجا باسیان لە گرنگییان لە وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون و، بەکارهێنانیان لە بازاڕە جیاوازەکاندا کردبوو، بەتایبەت گفتوگۆیان لەسەر پێوانەکردنی پێوەرەکانی کێبڕکێی نیشتەجێبوون لە وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون کردبوو، دواتریش لەبواری بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم، مامۆستاى یاریدەدەر لانا شیهاب ئەحمەد لە زانکۆی جیهان-هەولێر توێژینەوەیەکی بەناونیشانى (Visual Attention Software: A Novel Instrument for Analyzing Iconic Buildings) پێشکەشکرد، توێژەر تیشکى خستبووە سەر بەکارهێنانی بەرنامەکانی بینین وەک ئامرازێکی داهێنەرانە بۆ شیکردنەوەی بینا ئایکۆنیەکان، کە دیدگایەکى نوێ بۆ هەڵسەنگاندنی دیزاینی تەلارسازی لەڕێگەی زیرەکی دەستکرد دەکاتەوە.
ئەم دانیشتنەى کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى ئەندازیارى تەلارسازى و شارستانى بە تیشک خستنە سەر گرنگی توێژینەوەی زانستی لە بوژاندنەوەی شارە مێژووییەکان و، باشترکردنی کوالیتی ژیانی شارەکان و، پێشخستنی پەرەپێدانى بەردەوامیی لە دیزاینی تەلارسازیدا کۆتایی هات، کە ئامادەبوان کۆمەڵێک سەرەنج و پرسیار و بۆچونیان لەبارەى توێژینەوە پێشکەشکراوەکان خستەڕوو و، تیایدا جەختیان لە گرنگی هاوکاری ئەکادیمی لە نێوان توێژەرانی کوردستانى و عێراقی و نێودەوڵەتی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە بۆ کێشەکانی پلاندانانی شارەکان کردەوە.