توێژەرانى کوردستانى و عێراقى بە گرنگیەوە باس ناوەڕۆک و تەوەرکانى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕى و داراییەکان دەکەن
ڕاپۆرتى ڕۆژنامەوانى: ئەحمەد کامران نورى & لاوین نەجات عەلى- بەشى ڕاگەیاندن، قۆناغى سێیەم
لە ڕۆژانى (٢٩-٣٠/١/٢٠٢٥) زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا و زانکۆى موسڵ، بە دروشمى “پیادەکردنى بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ پەرەپێدانی ڕێکخراوە بازرگانییە هاوچەرخەکان” پێنجەمین پێنجەمین کۆنفرانسى هاوبەشى نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەڕێوەچوو، کە (٥٨) توێژینەوەی زانستى لە بوارە جیاوازەکانى هەردوو زانستەکە پێشکەشکران، لەو بارەیەوە توێژەرانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و، عێراق بە گرنگیەوە باسیان لە ناوەڕۆک و تەوەرەکانى کۆنفرانسەکەدا کرد.
دكتور ثائر أحمد السعدون السلمان ڕاگری کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی موسڵ لە پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتى زانستە کارگێڕى و داراییەکان باسی لە گرنگی زیرەکی دەستکرد لە وەبەرهێنانی گونجاوی توانا مرۆییەکان کرد. دووپاتیشی کردەوە کە زیرەکی دەستکرد ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پەرەپێدانی سیستمی ئابووری و دارایی، ئەمەش بەشدارە لە باشترکردنی کارایی دامەزراوەکان و بەرهەمەکانیان. هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی زانکۆکان کردەوە لە ڕێنیشاندن و ڕێنماییکردنی دامەزراوەکان بۆ چۆنیەتى بڕیاردەران لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بەشێوەیەکى گونجاو، هاوکات وتى: ئامۆژگاریى ئەو کەسانەش دەکەم، کە ئارەزوو دەکەن بچنە ناو بواری دارایی و بانکی، پشت بە سیستمی کارگێڕی و دارایی مۆدێرن ببەستن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پێشهاتە جیهانییەکان هەڵکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، زیرەکی دەستکرد بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکان کە بەشدارە لە پەرەپێدانی دامەزراوە جۆراوجۆرەکان، لە کۆتایشدا ڕاگری کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی موسڵ ستایشی هەوڵەکانی زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستنى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی زانستە کارگێڕى و داراییەکان، وتیشى ئەمە بۆنەیەکی زانستی گرنگ و دیارە کە تیایدا تیشک خرایە سەر زیرەکی دەستکرد و ڕۆڵی لە وەبەرهێنانی گونجاوی سەرچاوە مرۆییەکان، بۆیە ستایشی ڕۆڵی پێشەنگانەی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکەم بۆ بایەخدانەکان و پەرەپێدان بە توێژینەوەی زانستی و پێشخستنی ئەکادیمی، بۆیە زانکۆى جیهان هەولێر بە نموونەی خوێندنى تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراقی دەبینم، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی کاریگەرانەی سەرۆکی زانکۆ و دەستەی ئەمینداران.
لەلایەکى دیکەوە؛ دکتۆرە لورە باسم بشري الساعور لە زانکۆی موسڵ وتى: ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە بەرزکردنەوەی ئاستى هاریکاری نێوان زانکۆکانە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و زانستی، بۆ ئەوەش دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەکەم بۆ هەڵبژاردنی ئەم بابەتە گرنگە کە زیرەکى دەستکردە بۆ پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بوارى زانستە کارگێڕى و داراییەکان، هەروەها ئاماژەی بە بەشداری زانکۆ نێودەوڵەتییەکانی وەک زانکۆی وۆچ لە پۆڵەندا و زانکۆی موسڵ لەم بۆنە زانستییە گرنگەدا کرد، کەپێکەوە هەوڵ دەدەن ئاستی توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاوازەکاندا بەرزبکەنەوە، لەوانەش لایەنی ئابووری و دارایی. هەروەها پێزانینی خۆی بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە و زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ گرنگیدان و پاڵپشتیکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان زانکۆکاندا دەربڕی.
هەروەها دکتۆر مەیسەر ئیبراهیم احمد الجبوری لە بەشی بەڕێوەبردنی پیشەسازی لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی موسڵ، ڕوونیکردەوە، کۆنفرانسەکە بۆنەیەکی زانستی بەرزە، بەو پێیەی دەرفەتێکی بۆ کارلێکی فیکری لە نێوان توێژەرانى ئەوروپی، عێراقی و زانکۆکانى کوردستان ڕەخساند. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم جۆرە کۆنفرانسانە ئاستێکى زۆر گفتوگۆ و بیرۆکە بەرهەم دەهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی دەرهێنانی ڕاسپاردەی گرنگ لەسەر بابەتی زیرەکی دەستکرد. ئاماژەی بەوەشکرد، زیرەکی دەستکرد بووەتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانى جیهان، کە توێژەران و بڕیاردەرانی سەرقاڵ کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش ستایشی هەوڵەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆ بەشدارەکانى کرد بۆ ڕێکخستنى کۆنفرانسەکە و دابەشکردنى پانێڵەکان و تاوتوێکردنى تەوەرەکان بەشێوەیەکى زانستى پڕۆفێشناڵانە، ئەمەشى بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هاوسەنگ بوون لەگەڵ پرسەکانى جیهان وەسف کرد، هیواشی خواست ئەو ئەنجام و ڕاسپاردانەی لە کۆنفرانسەکەوە بڵاودەکرێنەوە، بتوانن بەشدار بن لە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و پشتیوانیکردنی بڕیارە ستراتیژییەکان.
لە هەمان کاتدا؛ دیار مستەفا خۆشناو وانەبێژ لە زانکۆی جیهان-هەولێر دکتۆرا لە بواری بزنز دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى توێژینەوەکەى باسکرد، ئینجا بە گرنگیەوە باسى لە کۆنفرانسەکە کرد و، بە بۆنەیەکى زانستى گرنگ لە قەڵەمیدا کە بەهۆیەوە توێژەران و خاوەن هزرمەندان لە بوارى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان لە چەندین وڵاتەوە هاتوون و توێژینەوە زانستیەکانیان خستەڕوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پرۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر رەعد عبدالکریم شەریف لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەشی تەکنیکی کارگێری وتى:توێژینەوەکەم دەربارەی زیرەکی دەسکرد بوو، وەکو دەزانن زیرەکی دەسکرد لە زۆربەی بوارەکان رۆڵ و گرنگیەکى باشى هەیە بەتایبەت لە ئێستادا لە سۆشیال میدیا دەتوانرێ سودی لێ وەرگری و خێراتر دەتوانی زانیاری دەربارەی حەز و ئارەزووى خەڵک و بەکاربەرانى بزانرێ و، لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا بۆ ریکلامکردن بەکارى بهێنن، ڕونیشیکردەوە دەرئەنجامی توێژینەوەکەی، کە هەرچەندە زیرەکی دەسکرد سودێکی زۆرى بۆ بوارى بازرگانى و کار لە سۆشیال میدیا هەیە، لە هەمان کاتدا هەندێک مەترسی هەیە کە زانیاری خەڵک یاخود هەندێک زانیاری هەڵە بڵاودەکرێتەوە، لەبارەى کۆنفرانسەکەش وتى: مایەى خۆشحاڵیە کۆنفرانسەکە بابەتێکى سەردەمیانەى دیاریکردوە بۆ گەنگەشەکردنى کە ئەوەش زیرەکى دەستکردە، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە زانکۆى جیهان-هەولێر و لێژنەى زانستى کۆنفرانس و ڕێکخەرانى کۆنفرانسەکە کرد.