تيپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن یارییەكی دۆستانە لەگەڵ تیپى تۆپى پێى كەناڵی ئاسمانیی پەیام ئەنجام دەدەن
لە بەردەوامی چالاكییە وەرزشی و هەوڵە کۆمەڵایەتییەکانیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە میدیاییەکان و پەرەپێدانی چالاکیی جەستەیی فێرخوازان، تیپى تۆپى پێى فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (30/9/2025) یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێی لەگەڵ تیپى تۆپى پێى کەناڵی ئاسمانیی پەیام-نووسینگەی هەولێر لە یاریگای (هانا سیتی) لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
لەو چالاکییە وەرزشییەدا کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال هەورامی) بەڕێوەچوو، تیمی تۆپى پێى فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەرامبەر تیمی تۆپى پێى کەناڵی ئاسمانیی پەیام-نووسینگەی هەولێر یاریەکى جوانیان بە ڕۆحێكی دۆستانەى وەرزشى ئەنجامدا، پاش كێبڕكێیەكی بەردەوامی نێوان هەردوولا، لە کۆتاییدا هەردوو تیپ بە تۆمارکردنى (5 بە 5) گوڵ بۆ هەرلایەك كۆتایی هات.
ئەم چالاكییە دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن و کارمەند و ستافى میدیاکارانى كەناڵی ئاسمانیی پەیام، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی چالاکیی جەستەیی و تەندروستیی باش بۆ فێرخوازان و کارمەندانی میدیا کرایەوە و، بوە وێستگەیەک بۆ پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتییەکانی فێرخوازان و درووستکردنی پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە میدیاییەكاندا.