تیپى فێرخوازانى بەشى چارەسەری سروشتی؛ بە تۆمارکردنى پێنج گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى بەشى تەکنیکى دروستکردنی ددانی بردەوە
لە درێژەی یارییەکانی قۆناغی دووەمی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، هەردوو تیپی فێرخوازانی بەشی “چارەسەری سروشتی” و تیپی فێرخوازانی بەشی “تەکنیکی دروستکردنی ددان” ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
هەردوو تیپ بە مەعنەویاتێکی بەرز و پاش سەرکەوتنیان لە قۆناغی یەکەم هاتبوونە نێو یاریگە. سەرەڕای ئەوەی نیشانەکانی ماندووبوونی یاریی پێشوو بە تیپی یاریزانانی بەشی چارەسەری سروشتییەوە دیار بوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بە تەکتیکێکی بەرز و ڕێکخراو یارییان کرد. دوای چەند هێرشێکی چڕ، توانییان گۆڵی پێشەنگ تۆمار بکەن. پاش ماوەیەکی کەم، هێرشبەرێکی لێهاتووی چارەسەری سروشتی بە هەوڵێکی تاکەکەسیی سەرنجڕاکێش، گۆڵی دووەمی بۆ تیپەکەی تۆمار کرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات، لە کاتێکدا هێرشبەرانی تەکنیکى دروستکردنی ددان بەهۆی پتەویی هێڵی بەرگریی بەرامبەر، نەیانتوانی مەترسییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن.
لە گێمی دووەمدا، یاریزانانی تەکنیکى دروستکردنی ددان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکە کەوتبوونە پەلە، بەڵام لە بەرامبەردا تیپی فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی بە هێمنییەوە پشتیان بە هێرشی هەڵگەڕاوە (Counter-attack) بەست. ئەم پلانە سەرکەوتوو بوو و لە ناوەڕاستی گێمەکەدا دوو گۆڵی تری یەک لە دوای یەکیان تۆمار کرد. لە دواساتەکانی یارییەکەشدا، گۆڵی پێنجەم و کۆتاییان وەشاند.
یارییەکە بە ئەنجامی گەورەی (5-0) لە بەرژەوەندیی تیپی فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی کۆتایی هات و بە شایستەیی گەیشتنە قۆناغی داهاتووی خولەکە.







