تیپى فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکی ددان بە لێدانی یەکلاکەرەوە بەسەر تیپى فێرخوازانى بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى سەرکەوت
لە یارییەکی دراماتیکی و پڕ لە کێبڕکێدا، تیپی فێرخوازانی کۆلێژی پزیشکی ددان توانی سەرکەوتنێکی زەحمەت بەسەر تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکدا بەدەستبهێنێت. ئەم یارییە کە وەک “لوتکەی خولەکە” وەسف دەکرا، لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٦) بەڕێوەچوو.
سەرەڕای نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بارینی بارانێکی خوڕ، بەڵام کەشی ناو یاریگا بەهۆی هوتاف و هاندانی بێوچانی هاندەرانی هەردوو تیپەوە تەواو گەرم بووبوو. جۆش و خرۆشی ناو یاریگاکە ئاستێکی بەرزی وەرزشیی پێوە دیار بوو، بە جۆرێک بینەرانی وەبیر یارییەکانی “خولی یانە پاڵەوانەکان” دەهێنایەوە؛ ئەم جۆشە وای کردبوو ساردیی کەشوهەوا لەلای یاریزانان و ئامادەبووان فەرامۆش بکرێت و تابلۆیەکی وەرزشیی کەم وێنە لەژێر باراندا نەخشێنرا.
لەگەڵ دەستپێکی یارییەکە، هەردوو تیپ فشارێکی زۆریان خستە سەر گۆڵی یەکتر. هێرشبەرانی تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى چەندین دەرفەتی مەترسیداریان بۆ ڕەخسا، بەڵام خلیسکیی یاریگا بەهۆی باران و پەلەپەل لە گۆڵکردن، ڕێگر بوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵ. لە بەرامبەردا، تیپى فێرخوازانی کۆلێژى پزیشکی ددان بە شێوازێکی زۆر ڕێکخراو و بە دانبەخۆداگرتنەوە بەرگرییان دەکرد، ئەمەش وای کرد گێمی یەکەم بە سپی و بێ گۆڵ کۆتایی بێت. لە گێمی دووەمیشدا، یارییەکە ئاستێکی بەرزتری بەخۆوە بینی و هەردوو لا بە تامی “یاری کۆتایی” دەجەنگان، بەڵام کاتی یاسایی بێ گەیشتن بە گۆڵ کۆتایی هات.
بۆ دیاریکردنی براوەی ئەم ململانێیە بەهێزە، ناوبژیوان پەنای بۆ لێدانە یەکلاکەرەوەکان (پەناڵتی) برد. لە کۆتاییدا، تیپی فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان توانییان بە ئەنجامی (3-2) سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بە فەرمی بلیتی پەڕینەوە بۆ قۆناغی داهاتووی خولەکە ببڕن، بەوەش کۆتاییان بەو “شانۆگەرییە وەرزشییە” هێنا کە تیایدا بە شایستەیی وەک براوە دەەرکەوتن.







