حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهاوکارى (مێتا) پڕۆژەی “خزمەتی هەواڵ” ڕاگەیاند و بەشی ڕاگەیاندن بەشداری لە مەراسیمى ڕاگەیاندنی پرۆژەکە دەکات
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بۆنەیەكی فەرمییدا دەستپێکردنی پڕۆگرامی دەستپێشخەرانەى بە ناوی “خزمەتی هەواڵ” ڕاگەیاند و، بەشی ڕاگەیاندنیش لە زانكۆی جیهان-هەولێر ئامادەی بۆنەكە بوو.
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 24-11-2025 دوو مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (دکتۆر عەمار نەجمەدین هواس) و مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، هاوكات (ئاسۆ عەلی فەرەج) فێرخوازی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن بە نوێنەرایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە بۆنەی ڕاگەیاندنی خزمەتگوزاریی “خزمەتی هەواڵ” لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد، كە بە بەشداریی دەیان ڕۆژنامەنووس لە دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن و، ئەكادیمیست و توێژەران لە ناوەندە ئەكادیمییەكان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو .
لەو بۆنەیەدا، دکتۆر جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکى و ناساندنی پڕۆژەكەدا ڕایگەیاند،”ئەم خزمەتگوزارییە، بۆ یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی کۆمپانیای “مێتا” دیزاین کراوە، پلاتفۆرمێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە بەمەبەستی پێدانی نوێترین زانیاری و داتای فەرمی بە ڕۆژنامەنووسان، دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ئەکادیمیست و توێژەران.
هەروەها باسی لە ئامانجەكانی خزمەتگوزاریی “خزمەتی هەواڵ” كرد بەوەی كە ئامانجیەتی دەستڕاگەیشتنێکی خێرا و ڕێکخراو بۆ سەرجەم چالاکی، سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەت دابین بکات. لە ڕێگەی ئەم خزمەتگوزارییەوە، ناوەڕۆکەکان ڕاستەوخۆ بۆ ژمارە واتسئەپی تۆمارکراوی بەشداربووان دەنێردرێن، کە ئەمەش خێرایی و کاریگەری لە گەیاندنی زانیارییەکان مسۆگەر دەکات.
بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر وەك ناوەندێكی پەیوەندیدار و كاریگەر لە كایەی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان بەشداری لەم بۆنەیەدا كرد و، هاوكات ساڵانێكە لەڕێگەی پێگەیاندنی چەندان ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكاری بەتوانا بەشێوەیەكی ئەكادیمیی خزمەتی بەو بوارە كردووە.






