زانکۆ تایبەتەکانی هەرێم بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاودەکەنەوە و، بەرگری لە پێگەی زانستی خۆیان دەکەن
لە یاداشتێکی فەرمی ناڕەزاییدا، زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەنەوە کە ئاراستەیان کراوە و، جەخت لەسەر کوالێتی خوێندن و دانپێدانانی فەرمی خۆیان لەلایەن وەزارەتەکانی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێم دەکەنەوە.
لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە کە زانکۆ تایبەتەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پێگەیاندنی کادیری کارامە هەبووە، بەجۆرێک دەرچووانیان توانیویانە لە زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان (لە ئەمریکا، ئەوروپا و چین…هتد) درێژە بە خوێندن بدەن و لە بازاڕی کاردا سەرکەوتوو بن. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵسەنگاندنی زانکۆکان دەبێت بەپێی پێوەری زانستی بێت نەک بۆچوونی کەسی.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، زانکۆ تایبەتەکان بەتایبەتی ئاماژە بە ناوی (دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان) دەکەن و تۆمەتباری دەکەن بە “تەشەهیر و ناوزڕاندن بەبێ بەڵگەی زانستی”، لەو چوارچوەیەشدا زانکۆکان مۆڵەتی ٤ ڕۆژیان دیاری کردووە بۆ ئەوەی ناوبراو بە فەرمی داوای لێبوردن بکات، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی دادگە دەکەنەوە و، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنبەر…
بۆ خوێندنەوەی دەقی بەیاننامەکە کلیک لێرە بکە




