زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوامە لە ئاسانکارى بۆ بەشداریکردنى فێرخوازان لە کۆنفرانسە زانستیە نێودەوڵەتیەکان
لە بەر ڕۆشنایی ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پاڵپشتیکردنى فێرخوازان و بەرزکردنەوەى ئاستى توانا و لێهاتوییان لە لە بوارە جیاوازەکان، لە ڕۆژانى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر؛ گروپێک لە فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان هاوڕێ لەگەڵ شاندێکى زانکۆ ڕەوانەى بەغداد کرد و، بەشدارییان لە چالاکیەکانى کۆنفرانسی نیشتمانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان لە عێراق کرد.
فێرخوازان لە میانەى بەشداریکردن لە پانێڵ و وۆرکشۆپەکانى کۆنفرانسەکەدا ئاشناى توێژینەوە پێشکەوتووەکان و نوێترین ڕەوتی پیشەسازی پزیشکى ددان بوون، جگە لەوەش، فێرخوازان بە خستنەڕوى پرسیار و سەرەنج و بۆچونەکانیان توانا و کارامەییەکانیان پیشانى ئامادەبوانى کۆنفرانسەکەدا، ئەوەش بووە هۆکارێک بۆ ئاڵوگۆڕى هزرى و دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ کەسانی پیشەیی و ئەکادیمی لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى، هەروەک بووە پاڵنەرێک بۆ ئەوەى فێرخوازان لە ژیانى پیشەیی و ئەکادیمیدا زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و لە پێشکەوتنەکانی بوارەکەیاندا ئاگاداربن.
هاوکات لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا پیشانگەیەکى تایبەت بە ئامێرە پزیشکییەکانى ددان و چارەسەرییەکان کرایەوە، شاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگشتى و فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان بەتایبەت بەشە جیاوازەکانى پیشانگەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى نوێترین ئامێرەکانى پشکنین و دروستکردن و چارەسەرکردنى نەخۆشیەکانى دەم و ددان بوون.
شاندکردنى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەشداریکردنی لە بۆنە زانستییەکان و، تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى وڵاتان جەخت لەسەر پابەندبوونی زانکۆکە بە پشتگیریکردن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى فێرخوازان دەکاتەوە، هەروەها دڵنیای دەدات لەوەی کە فێرخوازەکانى بە باشی بەو زانست و زانیاری و لێهاتوویی و پەیوەندییانە پەروەردە دەکات، کە پێویستن بۆ داهاتوویەکی ئومێدبەخش لە ژیانى پراکتیکدا.