زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییەکى کارا لە کەمپینى هاوکاریکردنى لێقەوماوانى چەمچەماڵ دەکات
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٦/١٢/٢٠٢٥) شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى شارۆچکەى چەمچەماڵیان کرد و، هاوکارى زانکۆکانیان گەیاندە شارۆچکەکە.
لەو چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، هاوەڵى شاندەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، کۆمەک و هاوکارى زانکۆى جیهان-هەولێرى گەیاندە شارۆچکەکە، دواى گەیاندنى هاوکارییەکانیش دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتەیەکى پێشکەش کرد و تیایدا باسى لە گەورەیی کارەساتەکە کرد، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە کە وەک ئەرکێکى نیشتیمانى کەرتى خوێندنى تایبەت کە پێکدێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسدارییەکى بەرفراوانیان لەکەمپینى کۆکردنەوەى هاوکاریی بۆ خەڵکى چەمچماڵ کرد، بۆ ئەوەى ببنە هەتوانێک بۆ سارێژکردنى بەشێک لەو برین و کەسەرانەى بەسەر خەڵکەکەیدا هاتووە، هەروەک دەیانەوێ ببنە بەشێک لەجوانکردنەوەى ژیان و بارودۆخى چەمچماڵز
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ستایشى زانکۆ تایبەتەکانى کرد و ڕایگەیاند: ئەم پەیامەى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان هەڵگرى ئەو پەیامەیە کە خوێندنى تایبەت چاویان لە پارە کۆکردنەوە نیە، هاتنیان بۆ چەمچەماڵ و بەشداریکردنیان لەو جۆرە کەمپینیانە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە خوێندنى تایبەت چاویان لە ئاوەدانکردنەوە و هاوکارییە بەتایبەت لەو کاتانەى کە میللەتەکەمان ڕووبەرى قەیران و کارەساتى جۆراوجۆر دەبێتەوە، بۆ ئەوەش دکتۆر ئارام محمد قادر ستایشى هاتن و هاوکارى زانکۆکانى کرد، وتیشى بەناوى هەموو خەلک و فەرمانگەکانى چەمچەماڵ و وەزارەتى خوێندنى باڵا زۆر سوپاسیان دەکەم.
هەر لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: لەم کەمپینەدا سەرۆکایەتى زانکۆ و مامۆستایان و ستافى ئەکادیمى و فەرمانبەران و فێرخوازانى زانکۆکەمان لە ڕووى ماددییەوە بەشداریان کرد، جگە لەوەش زانکۆکەمان بڕیاریدا کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوەى زانستى پێشکەش بە کتێبخانەى گشتى چەمچەماڵ و زانکۆى چەرمۆ دەکات، بۆ ئەوەى کتێبخانەکانى سنورەکە ببوژێنینەوە و فێرخوازان و زانستخوازان و خەڵکى سنورەکە سودى لێ وەربگرن.












