زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆى وۆچ لە پۆڵندا تاوتوێى چۆنیەتى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانیان دەکەن
بۆ پراکتیزەکردنى تەواوى خاڵەکانى لێکتێگەیشتنى نێوانیان و، بە مەبەستى داڕشتنى نەخشەڕێى کارەکان، کۆبونەوەیەکى گرنگ لە نێوان زنکۆى جیهان-هەولێر و، زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا بەڕێوەچوو.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٥) بەشێوەیەکى ئۆنلاین لە نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر ساڵح مستەفا ساڵح بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر پیۆتر گابرێلچاک (Piotr Gabrielczak) یاریدەدەرى ڕاگری فاکەڵتی ئابووری و کۆمەڵناسی بۆ کاروبارى بەنێودەوڵەتیکردن لە زانکۆى وۆچ بەڕێوەچوو، چەندین بابەتى هاوبەش و جێگەى بایەخى نێوانیان تاوتوێ کران، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا پێداچونەوەیەک بە کارەکانى ڕابردوى نێوانیان کرا و، هەڵسەنگاندنى زانستى و کارگێڕى و داراییان بۆ کرا، پاشان گفتوگۆ لەسەر کارەکانى داهاتووى نێوانیان کرا، لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى پروگرامی ئیراسمۆس پڵەس Erasmus-plus کرا بۆ بەدەستهێنانى ژمارەیەک کورسى خوێندن لەبەر ڕۆشنایی خاڵەکانى ئەو پرۆگرامە بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، جگە لەوەش گفتوگۆ لەبارەى پروگرامەکانی خوێندنى ماستەر و، چۆنیەتی وەرگرتنی دەرچوانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە زانکۆى وۆچ کرا.
تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، تەرخانکرا بۆ ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازى هاتنى ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی وۆچ بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر لە سەرەتای مانگی (9) ساڵی خۆێندنی (2025-2026) بۆ وتنەوەی وانە بە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ماوەى چەند هەفتەیەک (Intensive Courses) کرا، هاوکات کردنەوەی خولی بەهێزکردن لە بوارە جیازەکان بۆ مامۆستایانی زانکۆی جیهان-هەولێر لایەنێکى دیکەى هاتنى مامۆستایانى پۆڵندا دەبێ، هاوکات چەندین بابەتێکى دیکەى پەیوەست بەکاروبارى زانستى و دارایی و کارگێڕى نێوانیان لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێ کرا.
زانکۆى وۆچ (University of Lodz) یەکێکە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان و، لەسەر ئاستى وڵاتى پۆڵندا لە ڕیزبەندى سێیەمدایە و، ساڵانە فێرخوازانى زیاتر لە (90) وڵات لەو زانکۆیە دەخوێنن و، زورترین ژمارەى فێرخوازى نێودەوڵەتیی هەیە، زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى ئیمزاکردنى ڕێککەوتنامەیەکى لێکەتێگەیشتن پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆى وۆچ ڕێکخستوە و، بەو هۆیەوە تا ئێستا (30) فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆرسى خوێندنیان لەو زانکۆیە تەواو کردوە و، (5) مامۆستاش خولى ڕاهێنانیان بینوە، واش بڕیارە بەردەوامى بە پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و مامۆستایان بدرێت و، ساڵانە زانکۆى جیهان-هەولێر (10) فێرخواز ڕەوانەى زانکۆکە دەکات.
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارى زانستە کارگێڕى و داراییەکان، کە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوبەشى زانکۆى وۆچ و زانکۆى موسڵ بەڕێوەچوو، لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەدا چەند کۆبونەوەیەکى گرنگ لە نێوان زانکۆى وۆچ و زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو و، تاوتوێى پرسە هاوبەشەکانى نێوانیان کرا.