زانکۆی جیهان-هەولێر بە چالاکیەکى فراوان ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەرز ڕاگرت
بە دروشمی “زمان ئاوێنەی کەلتوورە”، زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی یەکشەممە (٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، مەراسیمێکی شکۆداری بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ڕێکخست.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و، یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکان و، ژمارەیەکی بەرچاو لە زمانناسان، توێژەران و ئەکادیمستەکان و فێرخوازان لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ بەڕێوەچوو، چالاکیەکە بە ساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد.
زمان وەک ماف و ناسنامە
لە دەسپێکی مەراسیمەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە بڕیارەکەی ڕێکخراوی یۆنیسکۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زمانی دایک تەنها ئامرازێکی ئاخافتن نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤ و
بەهێزترین کۆڵەکەی پاراستنی بونیادی نەتەوەیی و کەلتووریی گەلانە. سەرۆکی زانکۆ ڕوونی کردەوە کە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک دەبێتە هۆی کرانەوەی مێشکی فێرخواز و قووڵکردنەوەی تێگەیشتنی بۆ بەها مرۆیی و نەتەوەییەکانی خێزان و کۆمەڵگەکەی، هەر بۆیە پاراستنی زمان بە پاراستنی مێژوو و زامنی داهاتووی هەر میللەتێک هەژمار دەکرێت.
خۆڕاگریی زمانی کوردی و ئاستەنگە مێژووییەکان
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە ئاستەنگی زمانی کوردی و ڕایگەیاند: “میللەتی ئێمە یەکێکە لەو گەلانەی کە بە درێژایی سەدەکان، زمانەکەی ڕووبەڕووی هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردن بووەتەوە، بەڵام خۆڕاگریی زمانی کوردی وایکردووە کە ئەمڕۆ وەک یەکێک لە زمانە هەرە زیندووەکانی جیهان دەربکەوێت و خاوەنی دەوڵەمەندترین فەرهەنگ و زاراوە بێت. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دەستکەوتە مێژووییە پێویستی بە بەردەوامی و پەرەپێدانی زانستی هەیە تاوەکو زمانەکەمان لە جیهانی مۆدێرندا پاشەکشە نەکات.
زمانی دایک و بەرپرسیارێتیی زانستی
هەر لە وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ڕایگەیاند: پاراستنی زمان واتە پاراستنی مێژوو و کەلتوور و زامنی داهاتووی هەر میللەتێک. بۆیە من وا دەزانم ئەمە تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی کۆمەڵگە و ئەرکی کەرتی تایبەتە، بەتایبەت زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکان ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە بایەخی بە ڕەسەنایەتی زمان داوە و، لەو پێناوەشدا “دەزگای زمانەوانیی کوردی”مان وەک ناوەندێکی پسپۆڕی دامەزراندووە.
هەنگاو بەرەو ژیریی دەستکرد و دیجیتاڵکردن
سەبارەت بە بەرنامەى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ داهاتوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاشکرایکرد: زانکۆکەمان لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانیی مەزن دەکات بۆ دیجیتاڵکردنی زمانی کوردی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI)، بە ئامانجی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی قووڵ لەسەر زاراوەسازی و بونیادنانی ژینگەیەکی ئەکادیمی کە تێیدا فێرخوازان و مامۆستایان بتوانن پەرە بە توانای زمانەوانییەکانیان بدەن و زمانەکەیان بگەیەننە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
یادی شەهیدان و ئاڵوگۆڕی مەعریفی
مەراسیمەکە بە وتارێکی دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان بەردەوام بوو، کە تێیدا یادی شەهید عەبدولخالق
مەعروفی بەرز ڕاگرت و داوای لە گەنجان کرد سێ زمانی (کوردی، ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا) بزانن بۆ گەیشتن بە لوتکەی زانست. زمانی دایک (کوردی) کە ناسنامەمانە، زمانی زانست (ئینگلیزی) بۆ ئەوەی لە جیهان بگەین، لەگەڵ زمانی کار (کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیا)، وتیشى ئەگەر گەنجان ئەم سێ زمانە بزاین، هیچتان کەمتر نابێت لە گەنجێکی یابانی یان ئەمریکی. ئاماژەی بەوەشکرد کە بوونی زمانی کوردی لە پلاتفۆرمە گەورەکانی وەک گووگڵ، دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە گەنجان ئەم دەرفەتانە بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان بقۆزنەوە.
ئاڵوگۆڕی کەلتووری و ناساندنی سەرچاوە دێرینەکان
مەراسیمەکە چەندین بڕگەی زانستیی دیکەی لەخۆگرتبوو، لەوانە ناساندنی دەستنووسێکی دەگمەنی ڕێزمانی کوردی کە لە ساڵی ١٨٨٨ لە لایەن قەشەیەکەوە بە زمانی سەریانی/کلدانی نووسراوە و زانکۆی جیهان-هەولێر کاری پێداچوونەوەی بۆ کردووە. هەروەها دکتۆر ئەحمەد عەبدولعەون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى و، مامۆستا ڕەعد سابر، بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی تیشکیان خستە سەر گرنگی و دەوڵەمەندیی ئەو زمانانە و ڕۆڵیان لە لێکتێگەیشتنی جیهانی و زانستیدا.
مەراسیمەکە بە چەند پەیامێکى جیاواز لەلایەن زمانزان و توێژەران کۆتایی هات، کە تیایدا جەختیان لە پاراستنی زمان لەلایەن ناوەندە ئەکادیمییەکان و کەرتی تایبەت کردەوە.












