زانکۆی جیهان-هەولێر میوانداریی چالاکیەکى نێودەوڵەتی گرنگى بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانى هەریمى کوردستان لەگەڵ تایلەند دەکات
بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی، ئابووری و کەلتوورییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تایلەنددا و، لە چوارچیوەى هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمی و نێودەوڵەتییەکان، زانکۆی جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى و هاوکارى بەڕێوەبەرایەتى وڵاتانى کاروبارى ئاسیا و ئوسترالیا لە فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، میوانداریی چالاکیەکى نێودەوڵەتیی گرنگی بە ناونیشانی “جەوهەری تایلەند: دۆزینەوەی جوانییە شاراوە و یادگارییەکان” کرد
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژی دووشەممە، ریکەوتى (2025/9/8) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، شاندێکی باڵای تایلەندی بەسەرۆکایەتى سوپارک پرۆنگثورا (Supark Pronghorn)، باڵیۆزی تایلەند لە ئوردن و باڵیۆزی نا نیشتەجێ لە عێراق و، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، لەسەرەتای چالاکیەکەدا چەند وتارێک پێشکەش کرا،
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ: تایلەند نموونەیەکی درەوشاوەیە بۆ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان
لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتادا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، جەختی لە گرنگیی ئەم چالاکیە کردەوە بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگەی کوردستان بە ئەزموونی سەرکەوتووی تایلەند، هەر لە وتارەکەیدا دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بە “حەوت پڵنگەکە”ی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کرد، کە تایلەند یەکێک بووە لەوان و توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا پێشکەوتنێکی یەکجار گەورە لە هەموو بوارەکاندا بەخۆیەوە ببینێت، بە تایبەت لە بەرزکردنەوەی بەرهەمی نەتەوەیی و داهاتی هاووڵاتیان، وتیشی: “تایلەند ئەو ئەزمونەیە ئێمە بتوانین لە کوردستان سوودی لێ وەربگرین.”
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر باسی لەوەش کرد، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم چالاکییە دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە ڕێگەی کۆمەڵگەوە، نەک تەنها لە بواری کاری حکومەت، بەڵکو لە کەرتی تایبەتیشدا. ڕاشیگەیاند: “ئێمە ئەزانین ئەو وڵاتە پێشکەوتنێکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە؛ لە بواری کشتوکاڵ، لە بواری پیشەسازی، لە بواری پرۆگرامسازی، لە هەموو بوارەکانی ئابووریدا پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەویش نموونەیەکی باشە بۆ ئێمە، تاوەکو بتوانین لەو ئەزموونە سوود وەرگرین.”
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک گەورەترین و کۆنترین زانکۆی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش وتى: زانکۆى جیهان-هەولێر لە ساڵی (2007) دامەزراوە و ئێستا (30) بەشی زانستی و نزیکەی (10) هەزار فێرخوازى لە هەسێ کەمپەسى (هەولێر، سلێمانى و دهۆک) لەخۆدەگرێت، ڕوونیشیکردەوە زانکۆکانی هەرێم، شان بە شانی یەکتر، ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی کادری بەتوانا.
لەسەر گرنگیی کەرتی تایبەت، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ داوای لە گەنجان و دەرچوان کرد، تەنها چاویان لە کاری حکومەت نەبێت و ڕایگەیاند: ” لە هەموو وڵاتانی دونیا، ئەوانەى لە سێکتەری حکومی کاردەکەن ڕێژەکەیان ناگاتە سەدا بیست و، ڕێژەى سەدا هەشتا لە سێکتەری کەرتی تایبەت و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کار دەکەن، “جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە ڕێکخستنى ئەم چالاکیە لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەلماندوویەتی کەرتی تایبەت ڕۆڵێکى گرنگی لە پێشکەوتنی هەر وڵاتێکدا هەیە”.
لە کۆتایی وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر هیواى خواست ئەم چالاکیە ببێتە بناغەى پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تایلەند بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی پتەوتر لە گەڵ هەرێمی کوردستان، وتیشى “ئێمەش وەک زانکۆی جیهان ئامادەین لەگەڵ زانکۆکانی تایلەند، لەگەڵ بواری پەروەردەشدا هەماهەنگی بکەین، سوود لە ئەزموونی یەکتری وەربگرین” بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ئەکادیمییەکان.
سەفین دزەیی: پردێک بۆ پەیوەندی و گەشەی کەرتی تایبەت
هەر بەو بۆنەیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا، جەختی لە گرنگیی ئەو چالاکیە کرد بۆ دروستکردنی پرد و پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان گەلاندا، بەتایبەتی لەم سەردەمە ئاڵۆزەدا. ئەو ئاماژەی بەوەدا کاتێک خەڵک پەیوەندی دروست دەکەن، سەرکردەکان دەبێت ڕێگا بۆ کارلێکی زیاتر خۆش بکەن، بەتایبەتی لەنێوان کەرتی بازرگانیدا، بۆ ئەوەش سەفین دزەیی سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد بۆ میوانداریکردنی ئەم بۆنەیە، کە پێی وایە شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەم جۆرە کۆبوونەوانە کە پەیوەندییە نەتەوەیی و زانستی و پەروەردەییەکان پەرەپێدەدات.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخان کرد بۆ تیشک خستنە سەر ڕۆڵی کەرتی تایبەت و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەوەش ئەوەى ڕوون کردەوە، کە هەرێم پشتگیریی لە ئابووریی بازاڕی ئازاد کردووە و هانی کارسازیی داوە و، دوورکەوتووەتەوە لە سیستمی کۆنی سۆسیالیستی. ئاماژەی بەوەشدا هەر لە سەرەتاوە هەرێم تەنها یەک زانکۆی حکومی هەبووە، بەڵام ئێستا زیاتر لە (30) زانکۆ، چ حکومی و چ تایبەت، هەیە. ئەمەش نیشانەی خواست و ئارەزووى گەلی کوردستانە بۆ زانست و خوێندن، کە دەیان ساڵ لێی بێبەش کرابوون، وتیشى بەردەوامبوونی لەم جۆرە چالاکییانە لە زانکۆکاندا، بناغەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییە زانستی و کەلتوورییەکان دروست دەکات.
سوپارک پرۆنگثورا، باڵیۆزی تایلەند: لێکچوونی کەلتووری و هاوکاریی خوێندن لە نێوان گەلى کورد و تایلەند هەیە
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا سوپارک پرۆنگثورا، باڵیۆزی تایلەند، وتارەکەیى پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەسەر لێکچوونی کەلتووری و بەها هاوبەشەکانی نێوان گەلی کورد و تایلەند کردەوە و، وتی: “پێموایە کورد و تایلەندی هەمان دی ئێن ئەی (DNA)مان هەیە. ئێمە زۆر خۆڕاگرین، زۆر پابەندین و، گەلێکی زۆر ئاشتیخوازین. هەروەها زۆر ڕێز لە فرەیی دەگرین، وتیشی ئێمە لە تایلەند هەمان بنەمایان هەیە، کە یەکێتیی و فرەییە، ئەمەش خاڵی بەهێزی گەلەکەمانە بۆ لەباوەشگرتنی هەموو کەلتوور و دابونەریت و جیاوازییەکان و پەرەپێدانیان بەرەو پەرەپێدانى بەردەوام.
هەر لەمیانەى وتاۆەکەیدا باڵیۆزی تایلەند ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی تایلەند لە بواری پەروەردە و کەلتووردا کرد، بە تایبەت لەگەڵ دامەزراوەکانی وەک دامەزراوەی چایپاتانا کە پڕۆژەیەکی شاهانەیە بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و خوێندنی گەنجان، خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە پێشکەشکردنی وتار بۆ نەوەی گەنج و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە داهاتووی ناوچەکەن، بۆ ئەوەش سوپاسی سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد بۆ هاوکاری و کارکردن لەگەڵیاندا، بە تایبەتی ساڵی داهاتوو، کە یادى (70) ساڵەی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و تایلەندە، هیواشی خواست ئەم چالاکیە ببێتە بناغەیەک بۆ چەندین سەردان و ئاڵوگۆڕی داهاتوو لە بوارى خوێندن و پەروەردە و لایەنە کەلتوورییەکان.
چالاکییەکانی دیکە
پاش پێشکەشکردنی وتارەکان، کورتە ڤیدیۆیەک لەبارەی زانکۆی جیهان-هەولێر نمایش کرا، پاشان چالاکیەکە بە پێشکەشکردنى چەندین تەوەرەی هەمەجۆر و ستراتیژی بەردەوامى پێدرا، بۆ ئەوەش لەلایەن ئەندامانى شاندى باڵاى باڵیۆزخانەى تایلەند چەند چالاکیەکى هەمەجۆر بەڕێوەچوو لەوانە ناساندنی کەلتوور، ئەزموونی گەشتیاری و فێستیڤاڵەکانی تایلەند. هەروەها گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکانی پەرەپێدان، پەیوەندییە بازرگانییەکان و سیاسەتی وەبەرهێنان لە تایلەند کرا، لەگەڵ تیشک خستنە سەر سیستمی پێشکەوتووی خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان.
لە میانەى بەڕێوەچوونى چالاکیەکەدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەی پێشبڕکێی زانستی لەنێوان چەند تیمێکی فێرخوازاندا بەشداریکردنی کارایان کرد، ئامانج لەو پێشبڕکێیانەش هاندانی گیانی ڕکابەریی زانستی و داهێنان بوو، هاوکات چالاکی تایبەت بە پرسیار و وەڵام و دابەشکردنی خەڵات بەسەر بەشداربوواندا بەشێکی دیکەی کارنامەی چالاکیەکەى پێکهێنا.
ئەم چالاکییە نێودەوڵەتییە، بووە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ بنیاتنانی پردی پەیوەندیی نوێ و پتەوکردنی هاوبەشی لە بوارە جیاجیاکاندا، هەروەها جەختکردنەوەیەکی دیکە بوو لەسەر ڕۆڵی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکی ئەکادیمیی پێشەنگ لە هەرێمی کوردستاندا.