زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی کۆریا-سێجۆنگ لە کۆریاى باشور؛ بەرەو هاوکاری زانستی هەنگاو دەنێن
لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمییەکانی لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان، دکتۆر حەسەن فەهمی نوێنەرى زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی بۆ زانکۆی کۆریا-سێجۆنگ (Korea University – Sejong) لە کۆریاى باشوور ئەنجامدا.
لەم سەردانەدا ، کە لە ڕۆژی (2025/8/6) ئەنجامدرا، نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر چونگ لیۆل لی (Choong Lyol LEE)، ڕاگری کۆلێژی ئابووری و ئامار لە زانکۆی کۆریا-سێجۆنگ کۆبووەوە. لە میانەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى نەخشەڕێى بنیاتنانی لێکتێگەیشتن و کردنەوەی دەرگای هاریکاری هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆدا کرا. هەر لە کۆبونەوەکەدا دکتۆر حەسەن فەهمی پوختەیەکی لەبارەى زانکۆی جیهان-هەولێر و پێشکەوتنە زانستییەکانی پێشکەش کرد.
لە ئەنجامى گفتوگۆکاندا؛ هەردوو لا ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر دەستپێکردنی چالاکی ئەکادیمی هاوبەش لە نزیکترین دەرفەتدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی سیمینار، وۆرکشۆپ و، خولی ڕاهێنانی ئۆنلاین. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەشە لە بوارەکانی ئابووری و ئامار و بوارە جیاجیاکانی تردا. لە کۆتایی سەردانەکەشدا دکتۆر حەسەن فەهمی درعی زانکۆی جیهان-هەولێری وەک دیارییەکی ڕێزلێنان پێشکەش بە پرۆفیسۆر دکتۆر چونگ لیۆل لی کرد.
لەو بارەیەوە دکتۆر حەسەن فەهمی وتى: ئەم سەردانە دەبێتە دەستپێکێکی گرنگ بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئەکادیمی پتەو لەگەڵ زانکۆیەکی ناسراوی وەک زانکۆی کۆریا کە خاوەن پێگەیەکی بەرزی زانستییە، هیواشی خواست کە ئەم هاوکارییە ببێتە هۆی سوودگەیاندن بە هەردوو زانکۆ و فێرخوازان و مامۆستایانیان.
شایەنی باسە زانکۆی جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى فراوانکردنی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی و ئاوێتەبوون لەگەڵ سیستمە نێودەوڵەتیەکان، بەردەوام لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا لە هەوڵدایە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و دابینکردنی دەرفەتی خوێندن و توێژینەوەی زیاتر بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی.