زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی زانستی دەربارەی هۆشیاری تەندروستی گورچیلە و نەخۆشییەکانی بەڕێوەچوو
بە چاودێری سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس (Nutrition and Dietetics) وۆرک شۆپێکی زانستی و هۆشیاری بە ناونیشانی “بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی تەندروستی گورچیلە و نەخۆشییەکانی” ڕێکخست.
وۆرک شۆپەکە لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢/٢/٢٠٢٦)، لە هۆڵی (VIP)ی زانکۆ، بە ئامادەبوونی پسپۆڕان و مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆ بەڕێوەچوو. لە وۆرک شۆپەکەدا پسپۆڕانى بوارەکە تیشکیان خستە سەر مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی گورچیلە و چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی زانستی پزیشکی و خۆراکییەوە.
وۆرک شۆپەکە بە وتەیەکی بەخێرهاتن لە لایەن سەرۆکایەتی بەشەوە دەستی پێکرد، کە تێیدا جەخت لەسەر بایەخی خۆپاراستن و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان کرایەوە. پاشان، پڕۆفیسۆر دکتۆر (سەفا عیزەدین ئەلموختار) بابەتێکى زانستیی دەربارەی گورچیلە و زانستی نەفرۆلۆجی پێشکەش کرد، تێیدا ڕۆڵە بنەڕەتییەکانی گورچیلەی لە پڕۆسەی پاڵاوتن، هاوسەنگیی شلەکان و ڕێکخستنی فرمانەکانی تری جەستە ڕوون کردەوە. ناوبراو هۆشداری دا کە زۆرێک لە کێشەکانی گورچیلە لەوانەیە بێ نیشانە پەرە بسێنن، ئەمەش وا دەکات پشکنینی خولی و هۆشیاریی تەندروستی ببێتە کارێکی زۆر گرنگ.
لە تەوەرێکی تری وۆرک شۆپەکەدا، دکتۆر (محەمەد سالار ناسیح) تیشکی خستە سەر جیاوازییەکانی نێوان نەخۆشییەکانی گورچیلەی کتوپڕ و درێژخایەن و, جەختی لەسەر هۆکارە باوەکان، هۆکارەکانی مەترسی (Risk Factors) و خاڵە پراکتیکییەکان بۆ ناسینەوەی گەشەکردنی نەخۆشییەکە و دوورکەوتنەوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکان کردەوە. هەروەها دکتۆر (بەیار جەزا) بابەتێکی دەربارەی “سیندڕۆمە نەفرۆتیکییەکان” پێشکەش کرد و تێیدا تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو سیندڕۆمانەی خستە ڕوو و، جەختی لەسەر پێویستیی دەستنیشانکردنی ورد و چاودێریی بەردەوام کردەوە بۆ پاراستنی فرمانەکانی گورچیلە.
وۆرک شۆپەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێکەر و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کۆتایی هات، کە تێیدا ئامادەبووان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا ڕاوبۆچوونی خۆیان لەگەڵ پسپۆڕان ئاڵوگۆڕ بکەن و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ پەیامە سەرەکییەکانی پەیوەست بە پاراستنی تەندروستی گورچیلە لا دروست بێت.







