زانکۆی جیهان-هەولێر پلەی یەکەمی زانکۆ تایبەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتى EduRank بەدەستهێنا
زانکۆی جیهان-هەولێر دەستکەوتێکی زانستیی نوێی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمار کرد و، بەپێی نوێترین ڕیزبەندیی دامەزراوەی سەربەخۆی (EduRank.org)، توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی تەواوی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت. هاوکات لە ڕیزبەندى چوارەم لەسەر ئاستى تەواوى زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان هاتووە، ئەم هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییە، پێگەی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکی پێشەنگی خوێندنی باڵا لە ناوچەکەدا زیاتر جێگیر دەکات.
بەپێی داتاکانی ڕیزبەندییەکە، زانکۆی جیهان-هەولێر لە پلەی یەکەم لەسەر ئاستى تەواوى زانکۆ تایبەتەکان و ڕیزبەندى (15)یەم لەسەر ئاستی تەواوی زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی عێراق هاتووە. لەسەر ئاستی کیشوەر و جیهانیش، زانکۆکە توانیویەتی پلەی (2164) لە ئاسیا و پلەی (5886) لەسەر ئاستی جیهان بەدەست بهێنێت، ئەمەش لە نێوان زیاتر لە (14) هەزار دامەزراوەی خوێندنی باڵا، کە لەلایەن دامەزراوەی سەربەخۆی (EduRank.org)، هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە. ئەم سەرکەوتنە ڕەنگدانەوەی بەهێزیی توێژینەوەی زانکۆکەیە، بە جۆرێک کە هەزاران توێژینەوەی زانستی لە بوارەکانی (ئەندازیاری، فیزیا، کیمیا و بایۆلۆژی) بڵاوکردووەتەوە و، تا ئێستا زیاتر لە (21) هەزار ئاماژەپێدانی زانستی (Citations) بۆ توێژینەوەکانی کراوە.
ناساندنی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکەمین زانکۆی تایبەت لە کوردستان لەلایەن دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی EduRank، دەیسەلمێنێت کە ستراتیژیی سەرۆکایەتى زانکۆ لە بایەخدان بە توێژینەوەی زانستی و داهێنان و کوالیتی خوێندن ئەنجامی ئەرێنی هەبووە.” ئەم سەرکەوتنە تەواکەری دەستکەوتەکانی تری زانکۆیە، کە دیارترینیان بەدەستهێنانی پلەی دووەم بوو لەسەر ئاستی تەواوی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی زانکۆ عەرەبییەکانی (Times Higher Education 2026).
زانکۆی جیهان-هەولێر لە ساڵی (2007) دامەزراوە، بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی ستانداردە بەرزەکانی وەرگرتن و فێرکردن، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی ناوەندە ئەکادیمییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. بوونی زانکۆی جیهان-هەولێر لە لیستی ڕیزبەندى (EduRank)دا، پاڵنەرێکی بەهێز دەبێت بۆ زانکۆکە تاوەکو بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژەکانى لە بوارە جیاوازەکان، هاوکات متمانەیەکی گەورە دەبەخشێتە فێرخوازان و توێژەران کە بڕوانامە و کارە زانستییەکانیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەناسرێن. ئەم ڕیزبەندییە دەیسەلمێنێت کە زانکۆى جیهان-هەولێر تەنها دامەزراوەیەکی فێرکاری نییە، بەڵکو ناوەندێکی گرنگی بەرهەمهێنانی مەعریفەیە لە ناوچەکەدا.
بۆ زانیارى زیاتر دەتوانن سەردانى پێگەى فەرمى دامەزراوەى (EduRank) لەم بەستەرە (Cihan University [2025 Rankings by topic])بکەن.





