زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات و، هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی مافی فێرخوازان بەرز دەنرخێنێت
زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە بەغدا دەکات. ئەم سوپاس و پێزانینە بەتایبەتی ئاراستەی هەریەک لە دکتۆر نەعیم ئەلعەبودی، وزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، پڕۆفیسۆر دکتۆر حەیدەر عەبد زەهد بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری زانستی و، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فارس مەهدی عەلوان بەڕێوەبەری فەرمانگەی خوێندنی زانکۆیی ئەهلی دەکات لە پای هەوڵ و کۆششەکانیان و بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکەی ئەم دواییەیان، کە هەنگاوێکی بنەڕەتیە لەپێناو پاراستنی مافی فێرخوازانی زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکان و، بەرز نرخاندنی هەوڵە ئەکادیمییەکانیان.
ئەم بڕیارە بەرهەمی هەوڵێکی چڕ و بەدواداچوونێکی وردی ئیدارەی زانکۆی جیهان-هەولێرە بە سەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆ، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابیر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر. ئەمەش لە ڕێگەی هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامەوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتەدی.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەوڵانە بریتی بوو لە مسۆگەرکردنی دانپێدانان بە بڕوانامەی دەرچووانی زانکۆکە و مامەڵەکردنیان بە شێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان لە سەرجەم زانکۆکانی عێراقدا. زانکۆکەمان کات و هەوڵێکی زۆری تەرخان کرد بۆ ڕوونکردنەوەی گرنگیی ئەم پرسە و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر داهاتووی فێرخوازە خۆشەویستەکانمان و دڵنیابوونەوە لەوەی مافەکانیان نافەوتێت.
ئەم هەوڵە بەردەوامانە بووە هۆی ڕەزامەندیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، کە لە ڕێنمایی نوێیەکەیدا بەرجەستەی کردوە. ئەم ڕێنماییە جەخت لەسەر وەرگرتنی فێرخوازان و مامەڵەکردنیان وەک دەرچوو دەکاتەوە، هەروەها دڵنیایی دەدات لە مانەڵکردن لە کاتی دامەزراندنی ناوەندیدا بە شێوەیەکی یەکسان، بەتایبەتی بۆ ئەو فێرخوازانەی کە پێش دەرچوونی ڕێنماییەکانی پێشوو لە ڕێکەوتی ٨ی ئابی ٢٠٢٤ دەستیان بە خوێندن کردووە.
ئەم بڕیارە بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی پەرۆشیی وەزارەتە بۆ پشتیوانیکردنی تەواوی پرۆسەی خوێندن و نرخاندنی ماندووبوونی فێرخوازان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە سەرتاسەری عێراقدا.
لەم بۆنەیەدا، ئێمە لە زانکۆی جیهان-هەولێر پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بۆ کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگیی بنیاتنەرانە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپات دەکەینەوە، بەمەبەستی پێشکەشکردنی بەرزترین ئاستی خوێندنی ئەکادیمی و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش و مسۆگەر بۆ فێرخوازانمان، کە کۆڵەگەی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەن.
دووبارە، سوپاس و پێزانینی بێپایانمان ئاراستەی جەنابی وەزیر و تەواوی ستافی وەزارەت دەکەین بۆ تێگەیشتنیان و پشتیوانیی بەردەوامیان و، هیواخوازین بۆ هەماهەنگیی زیاتری بەرهەمدار و بنیاتنەرانە لەپێناو خزمەتکردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.