سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی گەشتێکی زانستیی بۆ فێرخوازان بۆ کۆمپانیای ئاسان کار ڕێکخست
سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/٢٠٢٦، گەشتێکی زانستیی مەیدانیی بۆ کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ کۆمپانیای (ئاسان کار – Asan Kar) ڕێکخست، کە کۆمپانیایەکی پسپۆڕە لە دیزاین و جێبەجێکردنی چێشتخانە.
ئەم گەشتە زانستییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) بەڕێوەچوو. فێرخوازان سەرەتا لە لایەن (عەبدولحەمید کەریم ئەحمەد) پێشوازییان لێکرا، کە وێڕای بەخێرهاتنیان، کورتەیەکی دەربارەی سروشتی کارەکانی کۆمپانیاکە و بوارەکانی پسپۆڕییان بۆ باس کردن.
هەر لە میانەی گەشتەکەدا، عەبدولحەمید کەریم ئەحمەد ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی قۆناغەکانی دیزاینی چێشتخانە پێشکەش کرد، کە بریتی بوون لە: پلاندانانی فەزا، دابەشکاریی فەرمی، پێوەرە ئەرگۆنۆمییەکان (Ergonomics)، هەڵبژاردنی کەرەستەکان (Materials)، چارەسەرەکانی کۆگاکردن و شێوازی تێکەڵکردنی ئامێرە کارەباییەکان لەگەڵ دیزاینە مۆدێرنەکاندا. هەروەها تیشکی خستە سەر قۆناغەکانی پەرەپێدانی دیزاین، پیشەسازی و جێبەجێکردن، بە جەختکردنەوە لەسەر چاودێریی کوالێتی و گونجاندنی دیزاینەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی بەکارهێنەر.
هاوکات، باس لە بایەخی دیزاینی چێشتخانە بۆ فێرخوازانى بەشى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی کرد و، جەخت لەسەر ڕۆڵی پلانداڕشتنی کارکردن، جوڵەی بەکارهێنەر، پتەویی کەرەستەکان، ڕووناککردنەوە و ڕەفتاری بەکارهێنەر کردەوە بۆ بەدەستهێنانی چێشتخانەیەکی کردەیی و ئاسوودە. ئەم گفتوگۆیانە هاوکارێکی باش بوون بۆ فێرخوازان تاوەکو لە پەیوەندی نێوان چەمکە تیۆرییەکانی دیزاین و جێبەجێکردنی پراکتیکی لە ژینگەی کارکردنی ڕاستەقینەدا تێبگەن.







