سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن خولێکى دیکەى ڕاهێنانی لەبارەى میدیاى دیجیتاڵى بۆ فێرخوازان ڕێکخست
لە بەردەوامیی هەوڵە ئەكادیمی و زانستییەكانییدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی و پەرەپێدانی توانا و لێهاتووییەكانی فێرخوازان، سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (24/9/2025) ڕاهێنانێکی تایبەتی میدیاییی بەڕێوەبرد بەناونیشانی “بنەماکانی نووسین بۆ میدیاى دیجیتاڵى”.
لە میانەی ئەو چالاكییەكەدا كە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال هەورامی) بەڕێوەچوو، (بڕوا كیانی) بەڕێوەبەری میدیاى دیجیتاڵىی ڕووداو ناوەڕۆكی ڕاهێنانەكەی پێشكەش كرد. لە ڕاهێنانەكەدا تیشك خرایە سەر تایبەتمەندییەكانی میدیاى دیجیتاڵى و شێوازی نووسین بۆ ئەو میدیایە، ئەو گۆڕانكارییانەی بەهۆی ژیریی دەستكردەوە بەسەر سرووشتی كاری رۆژنامەوانییدا بەتایبەت میدیاى دیجیتاڵىدا هاتووە، هەروەها باسكردن لەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووس دەبێتەوە لە كاركردن بۆ میدیاى دیجیتاڵى، لە هەمان كاتدا ئەو توانایانەی كە پێویستە ڕۆژنامەنووس بۆ سەركەوتن لە كارەكەیدا لە سەردەمی میدیاى دیجیتاڵى و ژیریی دەستكرددا پەرەیان پێ بدات. فێرخوازان چالاكانە بەشدارییان لە ڕاهێنانەكەدا كرد و بە كرداریی ڕاهێنانیان لەسەر چۆنییەتی داڕشتنی ناوەڕۆك كرد بۆ میدیاى دیجیتاڵى.
لە كۆتایی ڕاهێنانەكەدا، سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی بەخشییە (بڕوا كیانی)، هەروەک جەختی لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان تۆڕی میدیایی ڕووداو و بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر کردەوە، هاوكات بڕوانامەی بەشداریكردن بەسەر سەرجەم فێرخوازانی بەشداربوودا دابەش كرا.