سەرۆکى زانکۆ پیشانگەى تازەترین ئامێرى تاقیگەى پزیشکى کردەوە
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پیشانگەى تایبەتى ئامێرى تاقیگەى پزیشکى کردەوە.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٣/٢٠٢٢) لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبوونى دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، سەرۆکى بەشە زانستیەکان و ژمارەیەکى زۆر لە ستافى زانستى و فێرخوازان بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پیشانگەى تایبەتى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى کردەوە.
لەو پیشانگەیەدا، کە نوێترین ئامێرى تاقیگەى پزیشکى، کە لەلایەن (٨) کۆمپانیا و بریکارى کۆمپانیا جیهانیەکان تێدا نمایش کرابوو، سەرۆکى زانکۆ لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەیەکدا جەختى لەسەر بایەخدانى زانکۆ بەگرنگیدان بەتاقیگەکانى زانکۆ کردەوە وەک بەشێکى گرنگ لە پڕۆسەى ڕاهێنان و فێربوونى فێرخوازان و، ئاشناکردنیان بەچۆنیەتى کارکردن بەتایبەت لە تاقیگە پزیشکیەکان وەسفى کرد، کە ڕوڵى گرنگیان هەیە لە پشکنین و دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکان، وتیشى ئەم ئامێرانە لە پاڵ ڕاهێنانى فێرخوازان لەهەمانکاتدا توێژەران و مامۆستایان-یش لە تاقیگەکانمان دەتوانن بۆ توێژینەوەى زانستى ڕەسەن و ئاستبەرز و، لە پێناو پەرەپێدان بەڕەوتى زانست سودیان لێ وەربگرن، هیواشى خواست کۆمپانیاکان هەماهەنگى تەواو لەگەڵ دامەزراوە زانستیەکان بکەن بۆ پێگەیاندنى فێرخوازان بۆ بازاڕى کار و ئاشناکردنیان بەئامێرە نوێیەکانى بوارى پزیشکى.
بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى، یەکێکە لە بەشە زانستیە تازەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بەنوێترین تاقیگەى پزیشکى کراوەتەوە و ژمارەیەک فێرخوازى بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) وەرگیراون، هاوکات دامەزراوەى جیهان چەندین بەشى زانستى و پزیشکى لەسەر ئاستى کوردستان هەیە و، چەندین تاقگەى زانستیان بەنوێترین ئامێرە و تەکنەلۆژیاى بوارى پزیشکى لەخۆگرتووە.