سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەمیانەى کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ستافى زانستى زانکۆ باسى لە نەخشەڕێى کارى زانکۆ کرد
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بە گرنگیەوە باس لە ڕۆڵى مامۆستایان و ستافى زانستى بەشە جیاکان لە بەڕێوەبردن زانکۆ دەکات و، ڕاشیگەیاند پێویستە هەمووان بۆ ساڵى نوێى خوێندن بە گڕوتینێکى نوێ پێشوازى لە فێرخوازان بکەین و توانا زانستیەکانیان بەرز بکەینەوە.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٠/١٠/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سەرپەرشتى کۆبونەوەیەکى ستافى زانستى لەسەرجەم بەشە زانستیەکانى زانکۆ کرد و، لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا سەرۆکى زانکۆ هیوای سەرکەوتنی بۆ ستافى زانستى لە ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) خواست، پاشان باسى لەو دەستکەوتە زانستیانەی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد، کە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتی و فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییەکانى بەدیهاتووە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە بەشێکى زۆرى بەشەکانمان تاکە بەشن لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، کە لە ئێستادا ژمارەی بەشە زانستیەکان گەیشتووەتە بیست و حەوت بەش.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا؛ سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: وەک دەزانن زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان پابەند نین بە پرۆگرامێکى دیاریکراو، بەڵکو ساڵانە لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، ئەوانیش پڕۆسەی نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن ئەنجام دەدەن، مایەى خۆشحاڵیە زانکۆى جیهان-هەولێریش ساڵانە بەگوێرەی پەرەپێدانی زانستی لە زانکۆکانی ئەوروپا و ئەمەریکا گۆڕانکارى ئەنجام دەدات، بەڵگەی ئەمەش قبوڵکردنی زیاتر لە سەد خوێندکارە دەرچووی زانکۆی جیهان – هەولێرە بۆ خوێندنی باڵا لە زۆرێک لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکا، جگە لە ناردنی چەندین خوێندکاری زانکۆ بۆ زانکۆکانی پۆڵەندا و ئەڵمانیا و، بەشدارى مامۆستایانی لە خول و ڕاهێنانەکانى زانکۆکانى ئەڵمانیا، هۆڵەندا، و پۆڵەندا بۆ شارەزابون و ئاگاداربون لە دواین گۆڕانکارى و پێشکەوتنە زانستیەکان لە بوارە جیاکان و، بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى مامۆستایانمان لە گۆڤارە ئاستبەرزەکانى جیهان.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە مافى و ئەرکەکانى ستافى زانستى زانکۆ کرد و، بۆ ئەوەش ڕوونیکردەوە، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکى ئەکادیمى جەختى لە تەواوى جێبەجێکردنى ماف و ئەرکەکانى مامۆستا دەکات و بەتەواوى خاڵەکان پابەندە، لەو چوارچێوەیەشدا باسى لە تایبەتمەندى و ئەرکەکانى مامۆستاى زانکۆ لە بوارى زانستى و بەڕێوەبردن و پیشەیی کرد بۆ ئەوەش بەوردى سەرەنج و بۆچونەکانى خستەڕوو.
لە بەشى کۆتایی وتەکانیدا؛ سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکى خستە سەر میکانیزمی کارپێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە زانکۆ، بەتایبەت لە بەکارهێنانى مۆدێل و سیستمی هەڵسەنگاندنی ستافى زانستى و فێرخوازان لە ڕێگەى (MMS)، باسکردنى لە ڕێنماییەکانى تاقیکردنەوە هەر لە پەیوەندى نێوان فێرخوازان و مامۆستایان تا چونە ناو هۆڵی تاقیکردنەوە و ڕادەستکردنی دەفتەرەکانی فێرخوازان و هەڵسەنگاندنى وەڵامەکان و دانانى نمرە بەشێکى دیکەى قسەکانى سەرۆکى زانکۆى پێکهێنا، هیواشى خواست لە ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) هەموان پێکەوە بتوانن دەسکەوتى نوێ بۆ زانکۆ و فێرخوازان و کۆمەڵگە بەدەست بهێنن.