سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیشانگەیەکى شێوەکارى فێرخوازێک دەکاتەوە
بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، ئەندازیارى بورهان سابر بەڕێوەبەرى گشتى سێنتەرى ڕۆشنبیرى جیهان و مامۆستایانى بەشى ڕاگەیاندن و ژمارەیەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و هونەر دۆستان، پیشانگەیەکى خاتوو سری سامى کرایەوە.
لە میانەى کردنەوە و بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/٩/٢٠٢١) لە هۆڵى گەلەرى سێنتەرى ڕۆشنبیرى جیهان بەڕێوەچوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆى پیشاندا کە فێرخوازانى زانکۆکەى خاوەن بەهرە و لێهاتووى تایبەتن لە بوارە جیاوازەکان، هەروەک پاڵپشتى و پشتیوانى زانکۆکەى بۆ پەرەپێدان و دەرخستنى توانا و لێهاتووى فێرخوازان دوپاتکردەوە و، ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ ئەرکى خوێندن و زانست و پێگەیاندنى فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان، هەوڵى تەواو دەدات دەستى ئەو فێرخوازانەش بکرێ، کە خاوەن بەهرەى تایبەتن.
لە کۆتایى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى لە خاتوو سرى سامى و مامۆستایانى بەشى ڕاگەیاندن کرد و، ڕایسپاردن بەردەوامى بدەن بەو جۆرە چالاکیانە.
خاتوو سرى سامى، کە فێرخوازى قۆناغى دووەمى بەشى ڕاگەیاندنە لە زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن بەهرەیەکى تایبەتیە لە بوارى شێوەکارى، لەو پیشانگەیەشدا بەنمایشکردنى چەند تابلۆیەک گوزارشتى لە توانا و لێهاتووى ژنان دەکرد، لە پاڵ نیشاندانى کەلتور و کەلەپورى نەتەوە جیاکانى عێراق.