شاندى زانکۆی جیهان – هەولێر بە چەند چالاکییە ئەکادیمییەکان کۆتاییان بە گەشتە زانستیەکەیان بۆ شانشینی عەرەبی سعودیە هێنا
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژەهرناسی و دەرمانناسی کە لە ڕیاز، شانشینی عەرەبی سعودیە لە ساڵی 2025 بەڕێوەچوو، شاندێکى زانکۆی جیهان – هەولێر بەشدارییەکی دیاری چالاکیە زانستى و ئەکادیمىە جۆراوجۆرەکانى کرد.
لەو چوارچێوەیەدا، هەریەک لە مستەفا سەردار، فێرخوازی قۆناغی چوارەمی کۆلێژی پزیشکیی دەرمانسازى و، بەشداریی لە پێشبڕکێی ژەهرناسی عەرەبی کرد کە لە دەمام بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ فێرخوازانی 27 زانکۆ لە وڵاتە عەرەبییە جیاوازەکاندا کێبڕکێی کرد لە تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی چڕدا کە پرسیارەکانی ژەهرناسی و دەرمانناسی لەخۆگرتبوو.
لەلایەکى دیکەوە، سارا حاجم سوڵتان، فێرخواز بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەهەمان
شێوە بەشدارییەکى کاراى لە شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی و وۆرکشۆپ و پیشانگەی ژەهرناسی و دەرمانناسی (KSAPT 2025) کرد، کە لە هۆتێل نارسیسس ڕۆیاڵ لە شاری ڕیاز، شانشینی عەرەبی سعودیە بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە لەلایەن لوتکەی جیهانی لە پزیشکیی دادوەری (GFEX) ڕێکخرابوو، و بەشێک بوو لە لوتکەی جیهانی زانستە تاوانکارییەکان (SCFMS 2025) .
لەم بۆنە نێودەوڵەتییە زانا و توێژەر و پسپۆڕانی لە وڵاتە جیاوازەکانەوە کۆکردەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی نوێترین پێشکەوتنەکان و تەکنیکەکان لە بوارەکانی ژەهرناسی، دەرمانناسی و زانستە تاوانکارییەکان. گفتوگۆکان بە بەشداریی ژمارەیەک وتاربێژی دیاری بەخۆیەوە بەڕێوەچوو، لەوانە: دکتۆر محەمەد بەکری، دکتۆر دانیە حوسێن کە باسیان لە فراوانبوونى توێژینەوە و فێرکردنی ژەهرناسی کرد، هاوکات دکتۆر نادیە بەلوشی ڕۆڵی دەرمانسازی لە بەڕێوەبردنی حاڵەتەکانی فریاگوزاریی ژەهرناسیدا تاوتوێ کرد، بەدوایدا دکتۆر مونزیر سوڵتان باسی داهاتووی پزیشکیی دەرمانی دیجیتاڵی کرد.
کۆنفرانسەکە بە ژمارەیەک ڕاسپاردەی سەرەکی کۆتایی هات، کە جەختیان لە گرنگیی هاوکاری لە خزمەتگوزارییە تاوانکارییەکاندا، باشترکردنی فێرکردن و ڕاهێنان، بەهێزکردنی توێژینەوەی زانستی و پابەندبوون بە ستانداردە ئەخلاقییەکان و مافەکانی مرۆڤ کردەوە.
لە پەراوێزى کۆنفرانسەکەشدا، دکتۆر ئەنەس سەعادە ئەلخوری سەردانى سەنتەری چاودێریی ژەهراوییەکانی هەرێمی لە دەمام کرد، لە میانەى سەردانەکەیدا، ئاشناى کاروبارە خزمەتگوزارییەکان بوو، کە لە بواری ژەهرناسیی تاوانکاری و کلینیکی لە سەنتەرەکە پێشکەش دەکرێت، لەوانە تەکنیکەکانی شیکردنەوەی نموونەکان و ڕێبازە پێشکەوتووەکان بۆ دۆزینەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نموونەکانی میز یان خوێنی ئەو کەسانەی گومانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریان لێدەکرێت. هەر لە میانەى گەشتەکەیدا لەلایەن ستافى سەنتەرەکە ئاشناى ئامێرە پێشکەوتووەکانی ناو سەنتەرەکە بوو، کە ڕۆڵی گرنگیان لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی جۆرەکانی ژەهری دەرمانی و خۆراکی و ژینگەیی لە سەرانسەری شانشینی سعودیەدا دەیگێڕێت، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵات.
زانکۆی جیهان – هەولێر سوپاسی وەزارەتی تەندروستی سعودیە، سەنتەری چاودێریی ژەهراوییەکانی هەرێمی، بەتایبەت هەریەک لە دکتۆرە مەها مەزروعی، دکتۆر نەزیه ڕەمەزان و دکتۆر عیسام حەفاز، دەکات بۆ میوانداریی باش و زانیارییە بەنرخەکان کە لە بواری ژەهرناسیی تاوانکاری و کلینیکیدا کە پێشکەشى شاندى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد.









