شاندێکى دەستەى مافى مرۆڤ لەگەڵ سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان کۆبوەوە
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/١/٢٠٢٢) شاندێکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ دکتۆر نەوزاد حاجى یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە هەماهەنگى نێوان دەستەى سەربەخۆى مافەکانى مرۆڤ و زانکۆکانى جیهان کرا.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبونى دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەرى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەڕێوەچوو، سلێمان محسن سندى بەڕێوەبەرى گشتى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ ویراى خۆشحاڵى دەربڕین بەو دیدارەیان لەگەڵ سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان، ڕونیکردەوە دەستەکەیان بەدیدگەیەکى نوێ دەخوازێ سوود لە ئەزمونى زانکۆکان وەربگرێ بۆ خزمەتکردن بەمافەکانى مرۆڤ لە کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا هیواى خواست زانکۆکانى جیهان هەماهەنگ و هاوکاریان بن تا بتوانن پێکەوە خزمەت بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بکەن.
لە بەرامبەردا، دکتۆر نەوزاد حاجى یەحیا باجگر سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، ڕایگەیاند: ڕێزگرتن لە مافى مرۆڤ بەردى بناغەى پێشکەوتنى کۆمەڵگەیە، بۆیە مایەى خۆشحاڵیمانە کە دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ دەیانەوێ هەنگاوى پراکتیکى بنێن، لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا سەرۆکى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان پاڵپشتى و پشتیوانى زانکۆکانى جیهانى بۆ کارنامەى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ دوپاتکردەوە لە پێناو خزمەتکردن بەخەڵک و حکومەت.