شاندێکى شانشینى هاشمى ئەردەنى سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد
بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و پەرەپێدان بە پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر شاندێکى دامەزراوەى (طلال أبوغزاله جیهانى بۆ خزمەتگوزاری پیشەیی و پەروەردەیی) لە شانشینى هاشمى ئەردەنى سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد.
ڕۆژى یەکشەممە رێکەوتى (٢٦/١٢/٢٠٢١) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى دامەزراوەى (طلال أبوغزاله جیهانى بۆ خزمەتگوزاری پیشەیی و پەروەردەیی) بەسەرۆکایەتى (دکتۆر حمزة عوریبات) بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە ئەکادیمیاى دامەزراوەى (طلال أبوغزاله جیهانى) کرد.
دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان لەلایەن سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندى زانستى لە نێوان هەردوولا کرا بەتایبەت لە چۆنیەتى هەماهەنگیکردن بۆ کردنەوەى خولى پیشەیی و پەروەردەیی لە بوارى خوێندنى باڵا.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بەشاندى میوان کرد و، ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە”، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان باسى لەگەشەسەندنى زانکۆکەى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى هەر لە ساڵى (٢٠٠٧) تا ئەمڕۆ بۆ شاندى میوان کرد، پاشان کورتە باسێکى لەبارەى ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیان لەگەڵ زانکۆکان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی کرد، پاشان کورتەیەکى لەبارەى دواین کۆنفرانسى هاوبەشى زانستى نێودەوڵەتى لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ زانکۆى جدارا باسکرد.
هەر لەو دیدارەدا، کە دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبون، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە ئەکادیمیاى دامەزراوەى (طلال أبوغزاله جیهانى) گفتوگۆیان لەبارەى تەکنیەکانى فێرکردن و، پڕۆگرامەکانى ڕاهێنان و خولى پەرەپێدانى تواناکان و، بەخشینى بڕوانامەى پیشەیی نێودەوڵەتى کرد، بۆ ئەوەش (دکتۆر حمزة عوریبات) دواى ئەوەى خۆشحاڵى خۆیان پیشاندا بەو بەرەوپێشچونەى لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەدیهاتووە، کورتە باسێکى لەبارەى دامەزراوەکەیان باسکرد و، ئاماژەى بەوەدا کە دامەزراوەى (طلال أبوغزاله جیهانى) خاوەن ئەزمونێکى دەوڵەمەندە لە بوارى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى پیشەیی و پەروەردەیی بەتایبەت لە کردنەوەى خول و ڕاهێنان لە بوارە جیاوازەکان بۆ پەرەپێدانى توانا مرۆییەکان، هیواشى خواست بتوانن ئەم سەردانە ببێتە هەوێنى دروستکردنى پردى پەیوەندی زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدان بە تواناى زانستى مامۆستایان بەتایبەت لە بوارى پەروەردە.