فێرخوازێكی بەشی ڕاگەیاندن لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنییدا باس لە جوانکردنی سیمای شاری هەولێر دەكات
نەجوا باقی ڕەشید، فێرخوازى قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە 20-10-2025 بەشداریی لە بەرنامەی (بەیانی باش کوردستان) کرد لە کەناڵی ئاسمانیی کوردستان تیڤی، بۆ باسکردن لە ڕۆڵی خۆبەخشانە لە کەمپەینی (ڕەنگاڵە) تایبەت بە جوانكردنی سیمای شاری هەولێر.
نەجوا باقی لە میانەى بەرنامەكەدا باسی لە ئەزموونی خۆی کرد لە جوانکردنی سیمای شاری هەولێر و وتی: دەستپێکی چالاکی کەمپەینەکەیان لە ڕازاندنەوە و بۆیاخکردنی دیوارەکانی سەر شەقامی 150 مەتری و شەقامی 120 مەتری هەولێر بووە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی کەمپەینەکە ئەو شوێنانەیە کە پێویستیان بە ڕازاندنەوە و بۆیاخکردن هەیە، وەک ژێر پردەکان، قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان.
ئاماژەی بەوەش دا كە ماوەی هەشت مانگە لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە کار دەکات و هەوڵی داوە ئەوەندەی توایبێتی بەشداری لە چالاکییەکانیاندا بکات. لە کاتی قسەکردنی لەسەر ئەزموونی کارکردنی خۆی لە چالاكییەكەدا، نەجوا باقی باسی لەوە كرد: “کاتێک دیوارەکان بۆیاخ دەکەین و دەیانڕازێنینەوە، وە کاتێک ئاڵای کوردستان دەنەخشێنین و دەزانم کە خەڵکی بیانییش ئەو کارە دەبینێت، هەستێکی خۆشم لادرووست دەبێت کە جێگەی شانازییمە.”
کەمپەینی ڕەنگاڵە، لەلایەن ڕێکخراوی (مەیپڵ تری)ەوە ڕێکخراوە و لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەوەی دیوارەکان لەبری وتەی نەشیاو و ناڕێک ببنە تابلۆیەک بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی، یەکڕیزی و پاراستنی کەلتووری و ناسنامە نیشتمانی.






