فێرخوازان بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە مارکێتەکان بەشێوەیەکى مەیدانى هەڵسەنگاندن بۆ خۆراکەکان دەکەن
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٢/٢٠٢٢) فێرخوازانى قۆناخى چوارەمى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە ژمارەیەک لە مارکێتەکانى شارى هەولێر بەشێوەیەکى مەیدانى هەڵسەنگاندن و بەدواداچونیان بۆ لایەنى تەندروستى خۆراردەمەنیەکان کرد.
فێرخوازانى بەشى نيوتريشن و دايەتێتکس لە میانەى چالاکیەکەیاندا، بەراوردى نوسینى سەر خۆراکەکان و ناوەڕۆکى خۆراکەکان کرد، بەتایبەتی ئەو بەرهەمانى پەیوەندیان بە نەخۆشییە دیاریکراوەکانى وەک شەکرە هەیە، هاوکات پشکنینان بۆ ئاستى بوونى ڕیشاڵ لە بەرهەمە بەردەستەکان کرد، جگە لەوەش فێرخوازان سەرەنج و تێبینیەکانیان لەبارەى ئەو پۆستەر و ڕیکلامانەى کە لە مارکێتەکان هەڵدەواسرێن بۆ ڕاکێشانى کڕیار و، ڕەچاوکردنى لایەنى سەلامەتى و تەندروستى خۆراکەکان تۆمارکرد.
ئەم چالاکیە، جگە لەوەى ڕۆلى گرنگى هەیە لە بەهیزکردنى لایەنى پراکتیکى وانە تیورییەکان و ئاشناکردنى فێرخوازان بەچۆنیەتى هەڵسەنگاندنى لایەنى تەندروستى خۆراک لە بازاڕ، لەهەمان کاتدا وەک ئەرکێکى نیشتیمانى ڕۆڵى گرنگى دەبێ لە هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە بەتایبەت دواى تەواوکردنى قۆناخەکانى زانکۆ بەسەرکەوتویی.