فێرخوازانى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە کەناڵى ئاسمانى دیجلە باس لە پڕۆژەکانیان لە بوارى زیرەکى دەستکرد دەکەن
بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی داهێنان و داهێنانی زانستی کە دەکەوێتە ڕێکەوتى (٢١ی نیسان)ى هەموو ساڵێک، پرۆگرامی “سەباح دیجلە” لە کەناڵى ئاسمانى دیجلە میواندارى دوو فێرخوازى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نوێترین پرۆژەیان لە بوارى زیرەکى دەستکرد.
لەو بەرنامەیەدا، کە بەبەشدارى مامۆستاى یاریدەدەر عادل حسێن بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازان دارین حسێن و مەحمود هێرش فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك تاوتوێی دوایین پڕۆژە داهێنەرەکانیان لە بواری زیرەکی دەستکرد، بۆ ئەوەش سەرەتا بەرهەمەکەیان نمایش کرا، کە بووکە شووشەیەکە و بە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد کاردەکات و، لەگەڵ بەکارهێنەران بە شێوەیەکی سروشتی و زیرەک کارلێک دەکات، لەبارەى پرۆژەکە مامۆستاى یاریدەدەر عادل حسێن جەختی لە گرنگی و بایەخدان بە وزەی گەنجان کردەوە بۆ داهێنانى و برەودان بە تواناکانیان، ڕونیشیکردەوە زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام پاڵپشتى فێرخوازان دەکات بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان لە بواری زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیا.
هەر لە میانەى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکانى بەرنامەکەدا فێرخوازان دارین حسێن و مەحمود هێرش ڕوونیان کردەوە، کە بیرۆکەی پڕۆژەکەیان لە خواستێکەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی کارلێککار ،کە بتوانرێت لە چەندین بواردا بەکاربهێنرێت، ڕونیشیان کردەوە ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا لە توێژینەوە و پەرەپێدانى بەردەوام بەدیهاتووە، لە میانەى بەشداریکردنى بینەرانیشدا، زۆرێک لە بینەران ستایشی ئاستی زانستی و داهێنەرانەی تیمەکەیان کرد، کە وێنەیەکی گەشاوەی تواناکانی فێرخوازانى کوردستان و عێراقی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای سەردەمدا پیشان دەدات.