فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازى بە گەشتی زانستی پڕۆژەی ڤێلاکانی نیشتەجێبوونى (Pavilion) بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (٢٣/١١/٢٠٢٥)، بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ پڕۆژەی ڤێلاکانی نیشتەجێبوون (Pavilion) ڕێکخست.
فێرخوازان لەلایەن (موستەفا فازڵ ئەحمەد)ـەوە پێشوازییان لێ کرا، بۆ ئەوەش سەرەتا شیکردنەوەیەکی تێروتەسەلی دەربارەی بیرۆکەی تەلارسازی پڕۆژەکە و قۆناغەکانی جێبەجێکردن پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتریش باسی لە فەلسەفەی دیزاین کرد، کە پشت بە سادەیی و ڕێکخستنی فەنکشنەکان لە ناو ڤێلاکان دەبەستێت، لەگەڵ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان بۆشاییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئینجا تیشکى خستە سەر گرنگیی هەواگۆڕکێی سروشتی و بەکارهێنانی سێبەر و دابڕە گەرمییەکان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئاسوودە لە ناو باڵەخانەکەدا.
لە کاتی سەردانەکەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک سەرەنج و تێبینیان تۆمارکرد، کە تایبەت بوون بە دابەشکردنی بۆشاییەکان، هەڵبژاردنی کەرەستەکان و وردەکاریی ڕووکارەکان، فێرخوازان کارلێکی باشیان هەبوو و چەندین پرسیاریان دەربارەی کەرەستەکانی بیناسازی و تەکنیکەکانی جێبەجێکردن ئاڕاستەى موستەفا فازڵ ئەحمەد کردو ئەویش وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانى فێرخوازانى دایەوە.






