فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ هەڵمەتێکی فراوانى هۆشیارییان لەبارەى نەخۆشی زەهایمەر بەڕێوەبرد
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی زەهایمەر ، کە ساڵانە لە (٢١ی ئەیلوول)دا بەڕێوەدەچێت، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی بەرفراوانیان لە سەنتەرى شاری هەولێر بەڕێوەبرد.
لە میانەى هەڵمەتەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین بڵاوکراوە و ماتریالی زانیارییان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکرد. ئەم بڵاوکراوانە تیشکیان خستە سەر پێناسەیەکی وردی نەخۆشیی زەهایمەر، دیارترین نیشانەکانی لە قۆناغە جیاوازەکانیدا و هەنگاوە پراکتیکییەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشى لە بیرچونەوە (زەهایمەر) لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروستەوە، وەک چالاکیی جەستەیی و ڕۆحی، جگە لەمانە؛ فێرخوازان ئامۆژگاریی کردارییان پێشکەش بە هاوڵاتیان و ڕێبواران و کاسبکار و دوکانداران کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەندامانی خێزان کە تووشی نەخۆشییەکە بوون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی دابینکردنی پشتیوانیی دەروونی و سۆزداری بۆیان، بەتایبەتی لەبەر ئەو گۆڕانکارییە دەروونی و هەڵسوکەوتییانەی کە نەخۆشییەکە دروستی دەکات.
هەر لە چوارچێوەى هەڵمەتەکەیاندا فێرخوازان جەختیان لە گرنگیدانى پێویستیی بە دەستنیشانکردنی پێشوەختەى نەخۆشییەکە و سەردانیکردنی پزیشکانی پسپۆڕ لە کاتی گونجاودا کردەوە، چونکە دەستنیشانکردنی پێش وەختە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دواخستنی پێشکەوتنی نیشانەکان و باشترکردنی کوالێتیی ژیانی نەخۆش هەبێت. وەک ئەوەى فێرخوازان باسیان لێوەکرد نیشانەکانی لەبیرچوونەوەی بریتین لە، دروستبوونى کێشە بۆ زمان، تێکچوونی توانای بڕیاردان، گۆڕانکاری لە کەسایەتیدا، هاوکات باسکردنی قۆناغە جیاوازەکانی نەخۆشییەکە (سەرەتا، مامناوەند و کۆتایی) و تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێک، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ڕۆڵی ژیانی تەندروست، وەک وەرزشکردنی بەردەوام، خۆراکی هاوسەنگ (بەتایبەتی خۆراکی دەوڵەمەند بە دژە ئۆکسیدەکان)، چالاکیی مێشک (وەک خوێندنەوە و یارییە فیکرییەکان) و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی دیکە (وەک شەکرە و پەستانی خوێن) کردەوە.
لە کۆتاییدا، فێرخوازان بە گرنگیەوە باسیان لە ڕۆڵی بنەڕەتیی کۆمەڵگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری و کەمکردنەوەی ئەو گڵۆڵە کۆمەڵایەتییە کردەوە، کە هەندێک جار بە نەخۆشییەکەوە دەبەسترێتەوە. ئەم هەڵمەتە زانستی-کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکى گرنگى لە بەرزکردنەوەی کەلتووری تەندروستی و چەسپاندنی بەهاکانی چاودێری، هاوسۆزی،و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەناو تاک و خێزان و تەواوی کۆمەڵگەدا دەبێت
نەخۆشیی زەهایمەر (Alzheimer’s Disease) یەکێکە لە دیارترین جۆرەکانی خەڵەفان (Dementia) و نەخۆشییەکی دەماریی تێکچووی درێژخایەنە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر فەرمانی مێشک دادەنێت، بەتایبەتی لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 50 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست خەڵەفانەوە دەناڵێنن، و زەهایمەر نزیکەی 60-70%ی ئەم حاڵەتانە پێکدەهێنێت.